مەزڵوم عەبدی ئیدانەی تەقینەوەكانی منبج دەكات
  2025-02-03        

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە رایگەیاند، ئیدانەی تەقینەوەكانی منبج دەكەن و دەشڵێت، دەبێت ئەنجامدەرانی تەقینەوەكان سزابدرێن.

ئاوێنە: مەزڵوم عەبدی، دوای تەقینەوەكەی ئەمڕۆی منبج كە بوە هۆی كوژرانی 20 كەس، لە پەیامێكدا لە هەژماری خۆی لە ئێكس وتی، بەتوندی ئیدانەی ئەو تەقینەوانە دەكەین كە شاری منبج دەكەنە ئامانج و پشتیوانی خۆمان بۆ خەڵكی شارەكە دەردەبڕین.

فەرماندەی گشتی هەسەدە وتوشیەتی، ئەو كردەوە تاوانكارییانە هەڕەشەن لەسەر یەكگرتویی شیرازەی نیشتمانی و دەبێت ئەنجامدەرانیان سزابدرێن.

تەقینەوەكەی ئەمڕۆی منبج لەڕێگەی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراوەوە لەسەر رێگەیەكی سەرەكی دەوروبەری منبج رویدا، ئۆتۆمبێلەكە لەكاتێكدا تەقیوەتەوە كە ئۆتۆمبێلێكی دیكە كە جوتیاری گواستۆتەوە لە تەنیشتی بوە.

بەپێی راگەیەندراوی سەرۆكایەتی كۆماریی سوریا، لە تەقینەوەكەدا لانیكەم 20 كەس گیانیان لەدەستداوە. میدیای رەسمی سوریاش ئاماژەی بەوەداوە كە 15 كەسیش بریندارن.

لەدوای كەوتنی رژێمەكەی ئەسەد، شەڕڤانانی هەسەدە لە نێو شاری منبج كشانەوەو شارەكە كەوتە دەست گروپە میلیشیاكانی سەر بە توركیا.

لەماوەی پێنج هەفتەی رابردودا، شارەكە زنجیرەیەك تەقینەوەی لەڕێگەی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراوەوە بەخۆیەوە بینیوە كە بەرلەوەی ئەمڕۆ دوایینیان پێرێ رویداو لە ئەنجامیدا سێ كەس كوژران.

لە كاتەكانی پێشتر ئەمڕۆدا هەسەدە ئیدانەی تەقینەوەكەی ئەمڕۆی كردو ئامادەیی خۆیشی نیشاندا كە ئەزمونی هێزەكانیان بخاتە بەردەست ئیدارەی دیمەشق بۆ لێكۆڵینەوە لە تەقینەوەكەو دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×