سودانی داوایەک لە ئەمریکا دەکات و بلینکنیش بەڵێنێک بە عێراق دەدات
  2024-12-13       380       

محەمەد شیاع سودانی لەمیانی پێشوازیکردنی لە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، پێویستە رێگە نەدرێت دەستدرێژی بکرێتە سەر سوریا لەلایەن هیچ لایەنێکەوە، بلینکنیش جەختی کردەوە لەسەر پابەندونی ئەندامانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەرامبەر بەئاسایش و سەروەری و سەقامگیری عێراق.

ئاوێنە: نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند،  محەمەد شەیاع سودانی، پێشوازی كرد لە ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە میانەی دیدارەکەدا تاوتوێی پەیوەندییە دوقۆڵییەکانی نێوان هەردو وڵات و چۆنیەتی پەرەپێدانیان و هاوکاری هاوبەشکرا، هەروەها گفتوگۆ کرا لەسەر و بارودۆخی ناوچەکە و پێشهاتەکانی ڕوداوەکانی ئێستای سوریا و ئەو هەوڵە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەی کە پێویستە بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی سوریا و سەقامگیری تەواوی ناوچەکە.


سودانی  هەڵوێستی عێراقی بۆ پشتیوانی کردنی سوریا لەم قۆناغە گرنگە نوێکردەوە و دەڵێت، "گرنگە وڵاتانی دۆست هاوکاری سورییەکان بن لە بنیاتنانەوەی وڵاتەکەیان و ڕوبەڕوبونەوەی ئەو ئاستەنگانەی کە لەوانەیە کاریگەری لەسەر ئاشتی مەدەنی دروست بکات"

ئاماژەی بەوەشكرد، "پێویستە نوێنەرانی هەمو پێکهاتەکانی گەلی سوریا بەشداربن لە بەڕێوەبردنی وڵات، بۆ دڵنیابون لە بەهێزکردنی سەقامگیری و جەختی لەوەکردەوە کە عێراق چاوەڕێی کردار دەکات نەک قسە لەو کەسانەی کە ئێستا بەرپرسن لە بەڕێوەبردنی قۆناغی گواستنەوە لە سوریا".

سودانی جەختی کردەوە، "پێویستە ڕێگە نەدرێت دەست درێژی بکرێتە سەر خاکی سوریا لە لایەن هیچ لایەنێکەوە، چونکە ئەمە نوێنەرایەتی هەڕەشەیەک دەکات بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە".

لە لای خۆیەوە ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، "پێویستە ڕێز لە هەڵبژاردەکانی گەلی سوریا بگرێت و کاربگرێت بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر، کە ڕەنگدانەوەی ئیرادەی گەلی سوریا و هەمەچەشنی پێکهاتەکانی بێت".


بلینكن ئاماژەی بە ڕۆڵی سەرەکی عێراق کرد، کە نوێنەرایەتی هاوبەشێکی سەرەکی دەکات لەناوچەکە، و گرنگی ڕاوێژکردن لەگەڵیدا لەو پێشهاتانەی کە ئێستا ناوچەکە بەخۆیەوە دەیبینێت، هەروەها جەختی کردەوە لەسەر "پابەندبونی ئەندامانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەرامبەر بەئاسایش و سەروەری و سەقامگیری عێراق".

لەبەشێکی تری دیدارەکەدا باس لە ڕوداوەکانی غەززە و گرنگی بەردەوامیدان بە کارکردن کرا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، و جەخت کرایەوە لەسەر خستنەگڕی هەمو هەوڵەکان بۆ جێگیرکردنی ئاگربەست لە لوبنان.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×