شەش هەزار و ٦٢٣ خێزانی ئاوارەی لوبنانی هاتوونەتە عێراق
  2024-11-24       97       

وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق بڵاوی كردەوە، لە سەرەتای هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان تا ئێستا شەش هەزار و ٦٢٣ خێزانی ئاوارەیان وەرگرتووە، دەشڵێن، حكومەت بڕی سێ ملیار دیناری تەرخانكردووە بۆ هاوكاری كردنی ئەو ئاوارانە.

ئاوێنە: كەریم نوری، بریكاری وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران ڕایگەیاند، لە سەرەتای هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان شەش هەزار و ٦٢٣ خێزانی ئاوارەیان وەرگرتووە، كە وەك میوان تۆماركراون و هەموو پێداویستییەكانیان بۆ ئامادەكراوە و بەسەریاندا دابەشكراوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، حكومەت بڕی سێ ملیار دیناری تەرخانكردووە بۆ هاوكاری كردنی ئەو ئاوارانە، ئەمە جگە لە هاوكارییەكانی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان.

باسی لەوەشكرد، ژمارەی ئەو میوانە لوبنانییانەی دێنە عێراق دەستی بە كەمبوونەوە كرد، بەو پێیەی سەرەتا ئاوارە لە لوبنان زۆر بوو و ژمارەیەكی زۆریشیان وەرگیرا، بەڵام ژمارەی ئەو میوانە لوبنانییانەی كە دێنە عێراق بەراورد لەگەڵ سەرەتا دەستیان بە كەمبوونەوە كردووە.

جێگای ئاماژەیە، نزیكەی سێ مانگە ئیسرائیل هێرشی بۆ سەر لوبنان دەستپێكردووە، بەهۆیەوە سێ هەزار و ٦٧٠ كەس كوژراون و ١٥ هەزار و ٤١٣ كەسی دیكە برینداربوون، هەروەها زیاتر لە ملیۆنێك كەسی دیكە ئاوارەی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بوون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×