ئەمڕۆ پێنجشەممە، كۆبونەوەی وەفدی هەرێم و بەغدا بە ئامادەبونی سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیرانی عێراق لەبارەی ئامادەكارییەكانی پڕۆسەی سەرژمێری دانیشتوان بەڕێوەچو و بەشدارانی كۆبونەوەكە جەختیان لە پێویستی ئەنجامدانی سەرژمێری لەکاتی خۆیدا كردەوە.
ئاوێنە: ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە بەغدا كۆبونەوەیەكی بەرفراوان بە سەرپەرشتی سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ تاوتوێكردنی ئامادەكارییەكانی سەرژمێری گشتی دانیشتوان بەڕێچوە كە تێیدا وەفدی پەیوەندیداری حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێم و هەروەها ڕاوێژکاری نیشتمانیی سندوقی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ دانیشتوان لەعێراق ئامادەی بون.
بەپێی راگەیەندراوی كۆبونەوەكە، لە کۆبونەوەکەدا پێشهاتەکانی دۆخی ناوچەکە لەسەر گۆڕەپانی ناوخۆیی و دۆسیەی پەیوەندی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق خرانەڕو، و جەخت کرایەوە لەسەر گرنگی بەردەوامبونی هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەرکردنی پرسە هەڵپەسێردراوەکان، بە پێی دەستور و یاسا.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، هەر لە كۆبونەوەكە تاوتوێی ئامادەکارییە بەردەوامەکان کرا بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی سەرژمێری دانیشتوان، چونکە نوێنەرایەتی گرنگییەکی گەورە دەکات و بەشدار دەبێت، لە بەدیهێنانی گەشەی ئابوری و کۆمەڵایەتی، جگە لەوەش گفتوگۆ لەسەر کۆمەڵێک تێبینی پەیوەست بەم پرۆسەیەوە کرا، بەمەبەستی گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی ڕاستەقینە و پتەو و دروست، بۆ ئەوەی بەسەر هەر کۆسپ و کێشەیەکدا تێپەڕێت، کە ڕەنگە ڕێگری لەم پرۆسەیە و ئەنجامەکانی بکات.
بەپێی راگەیەندراوەكە، بەشداربوانی کۆبونەوەکە، جەختیان کردەوە لەسەر پێویستی ئەنجامدانی سەرژمێری لەکاتی خۆیدا و پاڵپشتیکردنی وەزارەتی پلاندانان و ئامادەکردنی هەمو ئامرازەکان، بۆ دەستەبەرکردنی سەرکەوتنی پرۆسەی سەرژمێری، و گرنگی پەسەندکردنی بەرزترین ستانداردی پیشەیی و بەرچاو ڕونی، جگە لە چڕکردنەوەی بەرنامە و وۆرک شۆپەکانی هۆشیاری بۆ هاندانی هاوڵاتیان لەسەر پێشکەشکردنی داتای دروست، بۆ دابینکردنی داتابەیسێکی یەکخراو، لە بوارەکانی نیشتەجێبون و پەروەردە و تەندروستی و کار و سەرجەم پێوەرە ئابوری و کۆمەڵایەتییەکان.