محەمەد حەلبوسی: ئێرە بەغدایە خۆ هەرێم نییە تا ڕێگری لە سەرۆکی پەرلەمان بکرێت
  2024-10-31       551       

لە لێدوانێکدا هاوکات وەکو ڕەخنەگرتنێک محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: ئێرە بەغدایە و هەرێم نییە تا ڕێگری لە سەرۆکی پەرلەمان بکرێت بچێتە ئەو شارە.

‎ئاوێنە: ناوبراو دەشڵێت: داوای دوورخستنەوە و لە کارلادانی شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانمان كردووە، بەهۆی بەكارهێنانی پێگەكەی بۆ سەپاندنی ئیرادەی سیاسی بەسەر ئەنجوومەندا.

‎ئاماژەی بەوەش کردووە، شاخەوان عەبدوڵڵا پاسەوانەكانی بەكارهێناوە بۆ دەستدرێژیكردنە سەر پەرلەمانتاران، ئەوە پێشهاتێكی مەترسیدارە لە ئەنجومەنی نوێنەراندا روودەدات.

‎دووپاتیشی کردەوە، نابێت پاسەوانی تایبەتی بچێتە ناو دانیشتنەكانی پەرلەمان، پێویستە پاسەوانەكانی ئەنجومەن ئامادەبن بۆ پاراستنی ئارامی دانیشتنەكان، نەك پاسەوانەكانی کەسێکی دیاریکراو.

‎هەروەها دەڵێت: شاخەوان عەبدوڵڵا پاسەوانە تایبەتەکانی بردووەتە ناو هۆڵی دانیشتنەکان بۆ دەستدرێژیکردنە سەر ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران، جارێك ئەوەیان كرد لە هەولێر كاتێك رێگەیان لە سەرۆكی پەرلەمان گرت بچێتە ناو شارەكە، بەڵام ئێرە بەغدادە جیاوازە. 

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×