2024-10-10   255     
سەرچاوەیەکی سیاسیی ئاگادار ئاشکرایکردوە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەبەغدا لەماوەی 72 کاتژمێری ڕابردودا، پێنج پەیامی هۆشداریی بۆ حکومەتی عێراق ناردوەو ئاگاداریکردوهتەوە لەمەترسیەکانی ڕاکێشانی عێراق بۆناو ململانێی ئێرانو ئیسرائیل.
بەگوێرەی پێگەی تۆڕی هەواڵی عێراقی (INN)، ئەو سەرچاوەیە جەختی لەوەکردوهتەوە، باڵیۆزخانەکە لەحاڵەتی ئامادەباشیدایە، بەوپێیەی زنجیرەیەک دیداری لەگەڵ دەستەبژێرە سیاسییەکانی عێراق ئەنجامداوە کە پەیامی هۆشداریی ڕونی سەبارەت بەگرژییەکانی ئێستاو بۆردومانی یەکتری نێوان ئێرانو ئیسرائیل خستوهتەڕوو.
باڵیۆزخانەکە ڕونیشیکردەوە، عێراق وڵاتێکی گرنگە بۆ ئیدارەی ئەمریکا، هەروەها هەوڵدەدات عێراق بکاتە وڵاتێکی بێلایەنو دوری بخاتەوە لەلێکەوتەکانی پەرەسەندنی ململانێکان کە ئەگەری هەیە لەهەر ساتێکدا فراوان ببێت.
هەروەها باڵیۆزخانەکە نیگەرانیی خۆی لەدوبارەبونەوەی بۆردومانەکان بەتایبەت لەنزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا دەربڕیوەو هۆشداریشیداوە لەپەرەسەندنی تواناکانی میلیشیا عێراقییەکان لەبەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانو موشەک.
ئەو سەرچاوەیە جهختیكردوهتهوه، باڵیۆزخانەکە فشاردەخاتەسەر حکومەتی عێراق بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی دژ بەمیلیشیا عێراقییەکان، هەروەها هەوڵی وەستاندنی هێرشەکان لەخاکی عێراقەوە بۆ سەر ئامانجە ئیسرائیلییەکان دەدات بۆ دورکەوتنەوە لەکاردانەوەکان کە لەوانەیە ببێتە هۆی دروستبونی لێکەوتەی گەورە لەناوچەکەدا.