مەسعود پزیشكیان، سەرۆك كۆماری ئێران لە دەوحەی پایتەختی قەتەرەوە رایگەیاند، ئەوان چاویان لە ئاشتییەو ئەوە ئیسرائیلە ناچار بە جەنگیان دەكات. دەشڵێت، ئیسرائیل هێرش بكاتە سەر ئێران، وەڵامی توندتریان دەبێت.
ئاوێنە: مەسعود پزیشكیان، سەرۆك كۆماری ئێران، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە میانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ شێخ تەمیم بن حەمەد ئالسانی، ئەمیری قەتەردا وتی"ئێمە بەهیچ شێوەیەك چاومان لە جەنگ و خوێنڕشتن نییە، لەو كاتەوەی من وەك سەرۆك كۆمار دەستبەكاربوم لە تەواوی وتەكانمدا هەوڵمداوە ئەوە بڵێم كە ئێمە بەشوێن ئاشتی و ئارامییەوەین. هیچ وڵات و ناوچەیەك لە رێگەی جەنگەوە ناتوانێت گەشەبكات."
وتیشی"ئێمە بەدوای جەنگدا ناگەڕێین، ئەوە ئیسرائیلە ئێمە هاندەدات كە پەرچەكردارمان هەبێت. ئیسرائیل میوانەكەی ئێمەی لە تاران تیرۆر كرد. پێیان وتین ئێوە دان بە خۆتاندا بگرن ئێمە دەمانەوێت ئاشتی بێنینەدی، ئەگەر ئێوە وەڵام بدەنەوە ئاشتی نایەتەدی. ئێمە لەپێناو ئاشتی دانمان بەخۆماندا گرت، بەڵام ئەو نامەردانە لەبری ئەوەی دەست لە كوشت و كوشتار هەڵگبرن جەسورتر بون هەم لە غەززەو هەم لە لوبنان و زۆربەی ئەو تاوانانەشی ئەنجامیاندا، هیچ تاوانبارێك تاوانی وای لە مێژودا ئەنجام ینەداوە. ئێمە ناچاربوین وەڵام بدەینەوە."
جەختیشی كردەوە، ئەگەر ئیسرائیل بیەوێت هێرش بكات، وەڵامێكی توندتری دەدەینەوە، ئەمەش ئەو شتەیە كە كۆماری ئیسلامی ئێران پێوەی پابەندە.
سەرۆك كۆماری ئێران وتییشی، داوا لە وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریكا دەكەم بە ئیسرائیل بڵێن كە دەست لەو كوشت و كوشتارە هەڵگبرێت و ناوچەكە نەكاتە ناوچەیەكی ناسەقامگیر كە لە بەرژەوەندی كەسدا نییە نە لە بەرژەوەندی ئەوروپاو ئەمریكا و نە لە بەرژەوەندی ناوچەكەدایە.