دادگای تاوانی نێودەوڵەتی فەرمانی دەستگیركردنی بۆ نەتەنیاهۆ و گالانت و محەمەد زەیف دەركرد
  2024-11-21       169       

دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، فەرمانی دەستگیركردنی بۆ بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل و یوئاڤ گالانت، وەزیری بەرگریی پێشوی ئەو وڵاتەو هەروەها محەمەد زەیف، فەرماندەی كەتیبەكانی عزەدین قەسام باڵی سەربازیی بزوتنەوەی حەماس دەركرد.

ئاوێنە: دادگای دادی نێودەوڵەتی لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ نەتەنیاهۆ و گالانت بەهۆی ئەنجامدانی "تاوانی جەنگ" لە غەززە دەركردوە، لەوانەی بەكارهێنانی برسیكردنی خەڵك وەكو چەك و هەروەها كوشتن و كۆمەڵكوژكردنی خەڵكی مەدەنی لە هێرشەكاندا.

دادگای دادی نێودەوڵەتی ئەو بانگەشانەشی رەتكردونەتەوە كە ئیسرائیل لەبارەی سەڵاحیەتی یاسایی دادگاكەوە باسی كردون.

دادگاگە لە راگەیەندراوێكی دیكەدا وتویەتی، فەرمانی دەستگیركردنیان بە كۆی دەنگ بۆ محەمەد زەیف، فەرماندەی كەتیبەكانی عزەدین قەسام باڵی سەربازیی بزوتنەوەی حەماس دەركردوە ئەوەش بەهۆی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و تاوانەكانی دژی مرۆڤایەتی لەنێو خاكی ئیسرائیل و فەلەستین لە 7ی ئۆكتۆبەری 2023ەوە.

دەركردنی فەرمانی دەستگیركردن بۆ محەمەد زەیف لەكاتێكدایە كە سوپای ئیسرائیل چەند مانگێك لەومەبەر كوژرانی ناوبراوی لە هێرشێكی ئاسمانی وڵاتەكەیدا لە غەززە راگەیاند.

لەگەڵ دەركردنی ئەو فەرمانی دەستگیركردنانەدا، ئێستا تۆپەكە لە گۆڕەپانی 124 وڵاتی ئەندامی دادگای دادی نێودەوڵەتیدایە كە بۆ جێبەجێكردنی ئەو فەرمانانە بڕیاری چی دەدەن.

ئیسرائیل و هاوپەیمانە سەرەكییەكەی واتە ئەمریكا، ئەندامی ئەم دادگایە نین.

لە ئیسرائیل فەرمانی دەستگیركردن لەلایەن دادگاكەوە بۆ نەتەنیاهۆ و گالانت كاردانەوەی توندی لێكەوتۆتەوەو حزبەكانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن فەرمانی دەستگیركردنەكانیان بە "رەفتارێكی دژە جو" ناوبردوە كە "ئیسرائیل دەكاتە ئامانج و هیچ لێخۆشبونێكی نییە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×