جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا رایگەیاند، بڕیارەكەی ئەمڕۆی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بۆ دەستگیركردنی بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل و یوئاڤ گالانت، وەزیری بەرگریی پێشوی ئەو وڵاتە و محەمەد زەیف، فەرماندەی گشتی باڵی سەربازیی بزوتنەوەی حەماس، بڕیارێكی "پابەندكەرەو دەبێت جێبەجێ بكرێت."
ئاوێنە: جۆزێپ بۆرێل لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بڕیارەكەی دادگای دادی نێودەوڵەتی بۆ دەستگیركردنی نەتەنیاهۆ و گالانت و محەمەد زەیف، "بڕیارێكی سیاسی نییە، ئەوە بڕیاری دادگایە، دادگایەكی دادوەرانەی نێودەوڵەتی."
جەختیشی كردەوە كە بڕیارەكە پابەندكەرەو "دەبێت رێزی لە بڕیارەكە بگیرێت و جێبەجێ بكرێت."
ئەمڕۆ پێنجشەممە، دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ، فەرمانی دەستگیركردنی بۆ بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل و یوئاڤ گالانت، وەزیری بەرگریی پێشوی ئەو وڵاتەو هەروەها محەمەد زەیف، فەرماندەی گشتی كەتیبەكانی عزەدین قەسام باڵی سەربازیی بزوتنەوەی حەماس دەركرد.
دەركردنی فەرمانی دەستگیركردن بۆ محەمەد زەیف لەكاتێكدایە كە سوپای ئیسرائیل چەند مانگێك لەومەبەر كوژرانی ناوبراوی لە هێرشێكی ئاسمانی وڵاتەكەیدا لە غەززە راگەیاند.
بزوتنەوەی حەماس لە راگەیەندراوێكدا پێشوازی لە بڕیارەكەی دادگاكە كرد بۆ دەستگیركردنی نەتەنیاهۆ و گالانت و وتی"ئەمە هەنگاوێكی گرنگە بەرەو دادپەروەری."
بەڵام ئیسرائیل بە توندی بڕیارەكەی رەتكردەوە. نەتەنیاهۆ بڕیارەكەی بە بڕیارێكی "دژە جو" ناوبردو وتی"هیچ شتێكی دادپەروەرانە تر نییە لەو جەنگی ئیسرائیل لە غەززە دەیكات."
هەروەها سەركردەكانی دیكەی ئیسرائیل ئیدانەی بڕیارەكەیان كردو لەنێویشیاندا ئیسحاق هەرتسوغ، سەرۆكی ئیسرائیل لەگەڵ بەشێك لە سەركردەكانی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە.