وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایدهگهیهنێت كه هێرشەكانی ئێران مەترسی بۆ سەر ناوچەكە هەیەو لەئامادەباشیدان بۆ بەرگریكردن لەئیسرائیل، دهشڵێت، "بەدڵنیاییەوە ئێران باجی ئەو هێرشە دەدات".
ئاوێنه: ماتیۆ میلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەكۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا دوای هێرشە موشەكییەكەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل وتی، هێرشەکانی ئێران نیشانیدا کە لەناوچەکەدا مەترسی هەیە.
رونیشیكردەوە، بەهەموو توانایەکی سەربازییانەوە لەئامادەباشیدان بۆ ئەوەی بەرگریی لەئیسرائیل بکەن، دڵنیابونەتەوە کە هاوڵاتییەکانیان لەناوچەکە سەلامەتن.
میلەر لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا ڕایگهیاند، ئیسرائیل مافی خۆیەتی بەرگریی لەخۆی بکات و بەدڵنیاییەوە ئێران باجی ئەم هێرشەی دەدات، لەگەڵ ئیسرائیل بەردەوام لەپەیوەندیدان.
لەبارەی ئەوەی ئایا ئێران پێشوەختە ئاگاداری كردونەتەوە لەهێرشەكە، ماتیۆ میلەر وتی، "هیچ ئاگاداركردنەوەیەكی پێشوەختە لەئێرانەوە نەبووە، لەبارەی هێرشەكەوە زۆر گوتراوە، چەند هەفتەیەك پێش ئێستا بەرپرسی رێكخراوێكی تیرۆرستی لەهێڕشێكدا لە لوبنان كوژراو چەند بەرپرسێكی ئێرانیش لەماوەی چەند رۆژێكی كەمدا كوژران".
روونیشیكردەوە، "ئەو بەرپرسانەی ئێران بۆیە كوژران لەبەر ئەوەی لەگەڵ تیرۆرستاندا بوون، ئەو وەڵامەی ئێران لە وەڵامی كوشتنی تیرۆرستان بووە و پێویست نەبوو ئێران بیر لەهێرشێكی لەو جۆرە بكاتەوە".
لهبهرامبهر کوشتنی ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکی بزوتنەوەی حەماسو حەسەن نەسروڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵای لوبنان، ئهمشهو -نزیكهی كاتژمێر 7:30 خولهك- سوپای پاسدارانی ئێران بە 200 موشەکی بالیستی جۆری عیمادو قهدر لەناوچەکانی ئەهوازەوە لەباشوری وڵاتەکە، خاکیی ئیسرائیلی بەفەرمانی عهلی خامنهیی، ڕێبهری شۆڕشی ئیسلامی ئێران بۆردومانکرد.