ئەمریكا: ئیسرائیل بەنیازە هێرشێكی سنورداری زەمینی لەناو لوبنان ئەنجام بدات
  2024-09-30       235       

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەڵێت، ئیسرائیل لە پلانی خۆی بۆ ئەنجامدانی هێرشێكی سنورداری زەمینی لەناو خاكی لوبنان ئاگاداری كردونەتەوە.

ئاوێنە: ماتیۆ میلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بە رۆژنامەنوسانی وت، وەزارەتەكەیان لەگەڵ ئیسرائیل قسەی كردوە لەبارەی پلانەكەی ئەو ولاتە بۆ ئەنجامدانی هێرشێكی زەمینی سنوردار لەنزیك سنور لەگەڵ لوبنان.

وتیشی، ئێمە قسەكردن لەسەر پلانەكەی ئیسرائیل بەجێدەهێڵین بۆ ئەو وڵاتە خۆی.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەمریكا تاوەكو ئێستاش خوازیاری چارەسەرێكی دیپلۆماسیانەیە بۆ شەڕەكەو پشتیوانی لەو پێشنیارە ئاگربەست دەكات كە هەفتەی رابردو لەلایەن 12 هاوپەیمانەوە كراوە بۆ راگرتنی شەڕ بۆ ماوەی 21 رۆژ.

لەگەڵ ئەوەش ماتیۆ میلەر وتی، گوشاری سەربازی دەكرێت هەندێك جار ببێتە مایەی سەركەوتنی دیپلۆماسییەت بەڵام دەشكرێت ببێتە مایەی سەرئەنجامی خراپ و لێكەوتەی نەخوازراو.

جەختیشی كردەوە كە ئیسرائیل مافی بەرگریكردن لەخۆی هەیە.

هێمای بۆ ئەوەش كرد كە ئەمریكا لە هەوڵەكانی بەردەوام دەبێت بۆ هێوركردنەوەی گرژییەكان بەڵام لە كۆتاییدا ئیسرائیل وڵاتێكی خاوەن سەروەرییەو خۆی بڕیارەكانی خۆی دەدات.

بەرلەوە وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە كاتی قسەكردنی بۆ سەربازانی ئیسرائیلی كە بەرەو سنورەكانی ئیسرائیل بەڕێدەكەوتن وتی، دەكرێت هێزی زەمینی دژی حزبوڵای لوبنان بەكاربهێنن.

لەبەرامبەردا حزبوڵای لوبنان ئامادەیی بۆ روبەڕوبونەوەی هەر هێرشێكی زەمینی ئیسرائیل دەربڕیوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×