ئەبو عەلی عەسكەری، بەرپرسی ئاسایشی كەتیبەكانی حزبوڵای عێراق دەڵێت، چالاكییەكی چڕی ئەمریكاو ئیسرائیل لە ئاسمانی عێراق بەدی دەكرێت و ئەگەری ئەنجامدانی هێرش لەلایەن ئیسرائیلەوە لەناو عێراق هەیە. هۆشداریش دەدات، ئەگەر هێرشی وا ئەنجام بدرێت، وەڵامی كەتیبەكانی حزبوڵای عێراق تەنیا بۆ سەر ئیسرائیل نابێت و پێگەكانی ئەمریكاش دەكەنە ئامانج.
ئاوێنە: ئەبو عەلی عەسكەری، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، چالاكییەكی چڕی ئەمریكییەكان و زایۆنییەكان لە ئاسمانی عێراق بەدی دەكەین، ئەوەش پێشبینی ئەگەری ئەنجامدانی هێرشی ئیسرائیلی لەناو خاكی عێراق لێ دەكرێت.
جەختیشی كردۆەوە كە كەتیبەكانی حزبوڵای عێراق هۆشداری دەدەن كە وەڵامیان بۆ هێرشی لەو جۆرە تەنیا بۆ سەر ئیسرائیل نابێت بەڵكو سەرجەم پێگەكانی ئەمریكاش دەكەنە ئامانج.
ئەو بەرپرسەی كەتیبەكانی حزبوڵای عێراق، داواشی لە مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق كردوە هێرشەكانیان بۆ سەر ئیسرائیل زیاتر بكەن.
هاوكات لەگەڵ ئەوەدا ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە عێراقەوە بە درۆن هێرشكرایە سەر ناوچەیەكی ئیسرائیل و مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق ئەنجامدانی هێرشەكەی لەئەستۆ گرت.
مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق لە راگەیەندراوێكدا وتی، چەكدارەكانیان ئەمڕۆ چوارشەممە، بە درۆن هێرشیان كردۆتە سەر ئامانجێكی گرنگ لە ناوچەی ئوم رەشڕاش"ئیلات" لە ئیسرائیل.