واشنتۆن پۆست: لەدوای كشانەوە لە عێراق ئەمریكا هێزێكی بچوكی وڵاتەكەی لە هەرێم دەهێڵێتەوە
  2024-09-13       484       

رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمركی ئاشكرایكرد، ئەمریكا لە ماوەی دو ساڵی داهاتودا هێزەكانی خۆی لە عێراق دەكشێنێتەوە بەڵام هێزێكی بچوكی وڵاتەكەی لە هەرێمی كوردستان دەهێڵێتەوە، ئەوەش بەگوێرەی ئەو پلانەی كە بەرپرسانی ئەمریكاو عێراق لەسەری رێككەوتون.

ئاوێنە: رۆژنامە ئەمریكییەكە لە راپۆرتێكدا لە زاری بەرپرسێكی سەربازیی عێراقییەوە باسی لەو پلانە كردوە كە ئەمریكاو عێراق لەسەری رێككەوتون بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق.

بەرپرسە سەربازییە عێراقییەكە كە نەیویستوە ناوی ئاشكرابكرێت، باسی لەوە كردوە كە بەپێی پلانەكە، زۆربەی هێزەكانی ئەمریكا لەماوەی دو ساڵی داهاتودا لە عێراق دەكشێنەوە، بەڵام "هێزێكی بچوكتر لەوەی چاوەڕێ دەكرێت" لە هەرێمی كوردستان دەهێڵێتەوە ئەوەش بۆ گەرەنتیكردنی پاراستنی ئاسایشی كوردەكانی عێراق لەبەرامبەر گروپە میلیشیاكانی سەربە ئێران كە خاوەنی هەژمونێكی بەرفراوانن لە عێراق.

لە چەند رۆژی رابردودا ئاژانسی رۆیتەرز لە راپۆرتێكدا ئاشكرایكرد كە عێراق و ئەمریكا رێككەوتون لەسەر پلانێك بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكاو هاوپەیمانان لە عێراق بە دو قۆناغ تاوەكو ساڵی 2026.

پاش ئەوە سابت عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق، رۆژی یەكشەممەی رابردو، لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی "ئەلعەرەبیە" وتی، لیژنەی باڵای سەربازیی نێوان عێراق و ئەمریكا رێككەوتون لەسەر ئەوەی كە ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق بە دو قۆناغ كۆتایی پێ بهێنرێت، قۆناغی یەكەم لەمساڵەوە دەستپێدەكات تاوەكو ساڵی 2025 و قۆناغی دوەمیش لەساڵی 2026 كۆتایی دێت.

وەزیری بەرگریی عێراق راشیگەیاند، وەزیری بەرگریی ئەمریكا پێی وابوە ماوەی دو ساڵ بەس نییە بۆ كشانەوەو داوای زیادكردنی ساڵێكی دیكەی كردوە بەڵام عێراق داواكەی رەتكردۆتەوە.

سابت عەباسی وتیشی، رانەگەیاندنی رێككەوتنی كشانەوەكە بەهۆی ئەو دۆخەوە بوە كە ناوچەكەی پێدا تێپەڕدەبێت و هەروەها بەهۆی نزیكی وادەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكاوە بوەو لە رۆژانی داهاتودا رێككەوتنەكەیان لەگەڵ ئەمریكا لەو بارەیەوە لە واشنتۆن ئیمزا دەكرێت.

رۆژنامەی واشنتۆن پۆست لە راپۆرتەكەیدا ئاماژەی بەوەشداوە، بەردەوامی مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە كوردستانی عێراق، كلیلێك دەبێت بۆ پشتیوانی ئۆپەراسیۆنەكانی وڵاتەكەی لە سوریای دراوسێ كە هێشتا لە سوریا 900 سەربازی ئەمریكی هەن.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە وەك رۆژنامە ئەمریكییەكە باسی كردوە، میلیشیاكانی سەربە ئێران لە عێراق هەڕەشەی ئەوەیان كردوە كە ئەگەر هێزە بیانییەكان لەعێراق نەكشێنەوە ئەوا دەست بە هێرشەكانیان بۆ سەر ئەو هێزانە دەكەنەوە.

حسێن عەلاوی، راوێژكاری محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بە واشنتۆن پۆستی رایگەیاندوە، بەم زوانە ئەو پلانی كشانەوەیەی رێككەوتنی لەسەر كراوە، رادەگەیەنرێت. وتوشیەتی، دەمانەوێت پەیوەندیمان لەگەڵ عێراق بگەڕێتەوە بۆ بەر لە ساڵی 2014، پێویستیمان بە بونی هێزەكانی هاوپەیمانان بۆ تێكشكاندنی داعش كۆتایی هاتوە، ئێستا هێزە عێراقییەكان بەتەواوی توانای ئەوەیان هەیە مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی تیرۆر بكەن.

بەگوێرەی راپۆرتەكەی رۆژنامەی واشنتۆن پۆست، هەندێك لە ئەندامانی كۆنگرێس لەبارەی پلانی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق ئاگاداركراونەتەوە.

ئادەم سمیس، ئەندامی لیژنەی خزمەتگوزارییە چەكدارییەكان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا، لە چاوپێكەوتنێكدا وتویەتی، گەلی عێراق نایەوێت هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بن هەروەك ناشیەوێت داعش لە عێراق بونی هەبێت، ئەوان لەوە تێدەگەن ئێمە هاوكارین لە كێشەی داعشدا، بەڵام دەیانەوێت وڵاتەكەشیان جێبهێڵین.

هەروەها سیناتۆر جاك رید، سەرۆكی لیژنەی خزمەتگوزارییە چەكدارییەكان لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا رایگەیاندوە، پرسی كشانەوە هێزەكانمان لە عێراق، خۆی دەبینێتەوە لە چەند بەرژەوەندییەكی ئاڵۆزیی هەردو وڵاتدا. وتوشیەتی، عێراقییەكان لەوە تێدەگەن بونی ئێمە گەرەنتی سەقامگیری دەكات، بەڵام لەپاڵ ئەمەشدا مەترسییەك هەیە كە هەڕەشە لە هێزەكانمان دەكات.

سیناتۆر جاك رید لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئاماژەی بەوەداوە كە بەرپرسانی ئەمریكا خۆشحاڵ نین بەوەی كە یەكەم سەردانی دەرەوەی مەسعود پزیشكیان، سەرۆك كۆماری ئێران بۆ عێراق بوە،.

هاوكات كوری میلز، ئەندامی هەردو لیژنەی كاروباری دەرەوەو خزمەتگوزارییە چەكدارییەكان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا وتویەتی، هەست بە نیگەرانی دەكات لەبارەی هەژمونی ئێران و گروپە میلیشیاكانی سەربەو وڵاتە لە عێراق و وتوشیەتی، لەگەڵ ئەوەی دژی كشانەوەی هێزەكانی وڵاتەكەی نییە لە عێراق بەڵام پێی وایە دەبێت پلانێك دابنرێت بۆ گەرەنتیكردنی سەقامگیری لەو وڵاتە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×