هیومان ڕایتس وۆچ لەبارەى دەستگیرکردنى هاوڵاتییانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاتە دەنگ
  2024-09-10       193       

توێژەرێکی ئێران، کە ئەندامى هیومان ڕایتس ۆوچە ڕایگەیاند، دەسەڵاتدارانی ئێران ئەندامانی خێزانی دەیان کەسیان دەستگیرکردووە، هەڕەشەیان لێکردووە یان هەراسانیان کردوون، دەشڵێن، لە ماوەی خۆپیشاندانەکانی دوو ساڵی ڕابردوودا لە ئێران بە تۆمەتی هەڵبەستراو سەدان کەس لە سێدارە دراون یان زیندانی کراون.

ئاوێنه‌: میدیاکانی ئێران سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتێکى توێژەرێک، کە ئەندامى هیومان ڕایتس ۆوچە لەبارەی دەستبەسەر کردنی هاوڵاتیانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەمجۆرە زانیاری خستوەتەڕوو.

ناهید نەقشبەندی، توێژەرى ئێران، کە ئەندامى هیومان ڕایتس ۆوچە ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، دوو ساڵ پاش دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادیی” لە ئێستادا دەسەڵاتدارانی ئێران بەردەوامن لە دەستگیرکردنی دەیان ئەندامی خێزانەکان و هەڕەشیان لێکردوون.

دەشڵێت، ئەو کەسانەى دەستگیرکراون بە تۆمەتی هەڵبەستراو لەسێدارە دراون یان زیندانی کراون.

ناهید نەقشبەندی لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێران بەردەوامە لە بێدەنگکردنی چالاکوانان و پێشێلکردنی مافەکانی کەسوکاری دەستگیرکراوان.

لە کۆتاییدا هاتووە، داوا لە دەسەڵاتی دادوەری ئێران دەکەین دەستبەجێ ئەندامانی دەستگیرکراوەکان ئازاد بکات و دادگاییەکی دادپەروەرانە و پرۆسەی دادوەری شەفاف بۆ هەر کەسێک کە تۆمەتبارکراوە بە تاوانێک دەستەبەر بکات.

ئەمەش لەکاتێکدایە، هەفتەی رابردوو هێزە ئەمنییەکانی ئێران هەڵیانکوتایە سەر ماڵی خێزانی زانیار ئەبوبەکر کە لە خۆپیشاندانەکانی “ژن، ژیان، ئازادیی” لە مەهاباد تەقەی لێکرا و کوژرا و برا تەمەن ١٦ ساڵانەکەیان دەستگیرکرد.

هاوکات، لە ١٦ـی ئەیلوولی ٢٠٢٢ ژینا ئەمینی خەڵکی شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆی ئەشکەنجەدانی لەلایەن ئەفسەرانی پۆلیسی بەناو ئەخلاقی ئێرانەوە لە تاران گیانی لەدەستدا.

جێگاى ئاماژەیە، دوای ئەو ڕووداوە گەلانی ئێران بە درووشمی “ژن ژیان ئازادیی” ناڕەزایەتییان دەربڕیی و خۆپیشاندانی فراوانیان ئەنجامدا، کە ئێرانیان کردە گۆڕەپانی ناڕەزایی سەرتاسەری وڵاتانى ناوچەکە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×