ڕوسیا پێداگرە لەچونە دەرەوەی هێزەکانی تورکیا لەسوریا، ئەمەش مەرجێکی سەرەکیی بهشار ئەسەدە بۆ هەر هەنگاوێکی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی دیمەشقو ئەنكەرە، بەڵام تورکیا چاوی لەوەیە ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەسەد پرسی ئاسایشی سنورەکانیو چارەنوسی کانتۆنەکانی باکوری ڕۆژئاوای سوریا (ئیدارهى خۆسهر) یەکلایی بکاتەوە.
ئاوێنه: دانوستانەکانی تورکیاو سوریا بەنێوەندگیری ڕوسیا تائێستا نەگەیشتوەتە ئەنجام، سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕوسیا ڕایگەیاندوە، هێزەکانی تورکیا لەسوریا دەکشێنەوە، بەڵام مەرجەکانی کشانەوەی تورکیا لەسوریا پەیوەستە بەدانوستانو ئاساییبونەوەی پەیوەندییەکان، بەبڕوای بەشێک لەشارەزایانیش، کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لەسوریا دەبێتە هۆی ئاڵوزی زیاتر لەناوچەکەدا.
پرۆفیسۆر حەسەن ئوکتایی شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ئاماژهى بهوهداوه، ئەردۆغان دوای سەردانەکەی بۆ ئەمریکا جەختیکردەوە، "ئێمە هیچ تیرۆریستێکمان ناوێت، ئەم قسەیەش واتە یەکپارچەیی خاکی ناوچەکەو دەسەڵاتی زیاتری سوریا بە سەر هەموو خاکەکەیداو ڕێگریی لەدروستبونی ئەو پێکهاتەکانەی کە لەژێر کۆنترۆڵی سوریادا نەبێت، تورکیا ئەمەی دەوێت، بەڵام ئەگەری کشانەوەی هێزەکانی تورکیا نییە، لەبەرئەوەی لەناوچەکەدا ناسەقامگیریی هەیە کشانەوی هێزەکانی تورکیاش دەبێتە هۆی زیاتربونی ئاڵۆزییەکان لەناوچەکەدا".
ڕوسیا، وەک کاراکتەرێکی سەرەکی لەسوریا، بەڕونی خوازیاری کشانەوەی هێزە بیانییەکانە لەو وڵاتە، سەردانی ئەمدواییەی هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ مۆسکۆو بەپێچەوانەوە سەردانی داهاتووی لاڤرۆڤ بۆ تورکیا بە مەبەستی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانە لەگەڵ بەشار ئەسەد، ڕوسیا چەندینجار داوای کشانەوەی سەرجەم هێزە بیانییەکانی لەسوریا کردوە بەتایبەتی هێزەکانی تورکیاو ئەمریکا.
محەممەد قۆنوک چاودێری سیاسی توركیا باسى لهوهكردوه، "هیچ کێشەو ناکۆکییەک لەنێوان سوپای تورکیاو سوریا نییە، بەهۆی ئەو ئاڵۆزییەی لەبۆشایی سوپای سوریا لەو ناوچە دروستبوو، سوپای تورکیا چوو ئەو ئاڵۆزیانەی نەهێشت، ئێستاش تورکیا لەئیدلیب ئیدارەیەکەی بەڕێوەبەرایەتیی دامەزراندوە، بانک، قوتابخانە، نەخۆشخانەو چەندین خزمەتگوزاریی لەوشارە کردوەو قائیمقامی بۆ شارەکەش داناوەو بەدراوی تورکی مامەڵە دەکەن، جگە لەمە سوپای تورکیا عەفرینی داگیرکرد نزیکەی 20 ملیۆن بنەداری زەیتونی تاڵانکردو هێنایەوە لەتورکیا فرۆشتنی".
ناکۆکییە قوڵو درێژخایەنەکانی نێوان تورکیاو سوریا وایکردوە ڕێککەوتنی نێوان هەردوو وڵات هێندە ئاسان نەبێت، بەڵام ئەوەی هەیە هەموو گرەوەکانی ڕێککەوتنو ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەنكەرەو دیمەشق لەسەر ڕۆژئاوای کوردستانە، ئەگەر پەیوەندییەکانیان ئاسایی بکرێتەوە، چارەنوسی ئیدارە سەربەخۆکانو هێزەکانی سوریای دیموکراتی چی بەسەر دێت.