سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕوسیا جەختی لەوەکردوهتەوە، ئیسرائیل ناتوانێت بزوتنەوەی حەماس یان بزوتنەوەی حزبوڵڵای لوبنان لەناوببات، بەڵکو دەبێت بەدوای بەدیلەکانی چارەسەری ئاشتیانەدا بگەڕێت بەبێ بەکارهێنانی هێز.
ئاوێنه: لاڤرۆڤ لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵیی ڕوسیی RT وتی:"ئیسرائیل بەکارهێنانی هێز لەدژی ئەوکەسانەی بەلایەنگری فەڵەستینان دەزانێت لەچوارچێوەی توندڕەوییدا پەرەپێدەدات، وەک حزبوڵڵای لوبنانو بزوتنەوەی حەماس، کە ئیسرائیل بەڵێنیداوە لەناویان بەرێت".
هەروەک دەڵێت:"بێگومان ئەمە بەدی نایەت، چونکە حەماس بەشێکە لەگەلی فەڵەستین، هەروەک حزبوڵڵای لوبنان کە بەشێکە لەگەلی لوبنان".
لەدرێژەی قسەکانیدا وتویەتی:"لەڕێگەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هاوکارە ئیسرائیلییەکان، هەمیشە هەوڵدەدەین ئەو بیرۆکەیە بگەیەنین کە هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی هەموو پرسەکان لەڕێگهی هێزەوە، بێ خستنەڕوی بەدیلەکان، بێسودە".
لاڤرۆڤ پێشتر جەختی لەوەکردبوهوە، هەموو بڕیارەکانی ئەمدواییەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتوەکان سەبارەت بەپرسی فەڵەستین وەک "مەرەکەبی سەر کاغەز" دەمێنێتەوە، جەختی لەسەر پێویستی وەستاندنی خوێنڕشتنو ڕێگریکردن لەتوندوتیژی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردەوە کە بەوتەی ئەو، لەئەنجامی سیاسەتەکانی واشنتۆنەوە دروست بوە.