ئیسرائیل 11 مانگه له‌ئاسمان‌و زه‌مین‌و ده‌ریاوه هێرشده‌كاته سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه
ئه‌مڕۆ 330 ڕۆژی ته‌واوه هێرشی ئیسرائیل بۆ سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه به‌رده‌وامه‌و به‌پێی ئاماری وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له‌غه‌ززه، له‌به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆوه تائێستا ته‌رمی 27 كوژراو گه‌یه‌ندراوه‌ته كۆمه‌ڵگه‌ی پزیشكی ناسر له‌شاری خان یونس له‌كه‌رتی غه‌ززه. ژماره‌ی كوژراوه‌كانیش له 7ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه گه‌یشتۆته زیاتر له 40 هه‌زار كه‌س.
ئاوێنه: شه‌ڕی نێوان ئیسرائیل‌و بزوتنه‌وه‌ی به‌ره‌نگاری ئیسلامی -حه‌ماس- پێی نایه ڕۆی 330یه‌مییه‌وه، به‌پێی ئاماری وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له‌غه‌ززه، له‌به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆوه تائێستا ته‌رمی 27 كوژراو گه‌یه‌ندراوه‌ته كۆمه‌ڵگه‌ی پزیشكی ناسر له‌شاری خان یونس له‌كه‌رتی غه‌ززه.
به‌گوێره‌ی هه‌مان ئامار، له‌دو ڕۆژی ڕابردودا سوپای ئیسرائیل دو "كۆمه‌ڵكوژی" له‌كه‌رتی غه‌ززه ئه‌نجامداوه‌و به‌هۆیه‌وه 89 كه‌س كوژراون‌و 205 كه‌سی دیكه‌ش برینداربون.
له‌ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی غه‌ززه‌دا ئه‌وه‌ش هاتووه، ژماره‌ی كوژراوه‌كان له‌كه‌رتی غه‌ززه له7ی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی ڕابردوه‌وه تا تائه‌مڕۆ شه‌ممه، به‌رزبۆته‌وه بۆ 40 هه‌زارو 691 كوژراو، هه‌روه‌ها زیاتر له 94 هه‌زار فه‌ڵه‌ستینی دیكه‌ش برینداربون.
رۆژی 7ی 10ی 2023، بزوتنه‌وه‌ی حه‌ماسی فه‌ڵه‌ستینی هێرشێكی له‌ناكاوی كرده سه‌ر ئیسرائیل‌و ده‌یان سه‌ربازو هاوڵاتی ئیسرائیلی كوشت‌و برینداركرد، هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌كی دیكه به‌دیل گرت.
له‌به‌رامبه‌ردا ئیسرائیل جه‌نگێكی كراوه‌ی درێژمه‌ودای دژی بزوتنه‌وه‌ی حه‌ماس ده‌ستپێكردو 11 مانگه له‌ئاسمان‌و زه‌مین‌و ده‌ریاوه هێرشده‌كاته سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه، له‌و ماوه‌یه‌داو تائێستا زیاتر له 40 هه‌زار كه‌س كوژراون‌و نزیكه‌ی 100 هه‌زار كه‌سی دیكه‌ش برینداربون.
لە 24ی 11ی 2023 بەنێوەندگیری قەتەر، ئاگربەستێكی حه‌وت ڕۆژی لەنێوان ئیسرائیل‌و حەماس راگەیەندراو زیاتر لە 400 بارمتەی ئیسرائیلی‌و زیندانی فەڵەستینی ئازادكران‌و ئاڵوگۆڕیانپێكرا.