یەكەم لێدوانی توركیا لەبارەی كەوتنەخوارەوەی درۆنە توركییەكە لە كەركوك
  2024-08-29       599       

ئونجو کەچەلی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لەبارەی كەوتنەخوارەوەی درۆنە توركییەكە لە كەركوك، رایگەیاند، لەگەڵ لایەنی عێراقی لەسەر هێڵن بۆ زانینی وردەكاری روداوەكە.

ئاوێنە: ئونجو كەچەلی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی توركیا، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەگەڵ پۆستكردنەوەی راگەیەندراوی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق لەبارەی كەوتنەخوارەوەی درۆنە توركییەكە لە كەركوك، لە پەیامێكدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس، وتویەتی"لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق لەسەر هێڵین بۆ رونكردنەوەی وردەكاری روداوەكە."

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی توركیا سوربونی وڵاتەكەی بۆ شەڕی پەكەكە دوپاتكردۆتەوە و وتویەتی. توركیا بەردەوام دەبێت لە شەڕی خۆی دژبە هێزەكانی پەكەكە لەناو خاكی عێراق.

بەپێی قسەی وتەبێژەكەی وەزارەتی دەرەوەی توركیا، "ئیرادەیەكی بەهێزی هاوبەش لەنێوان توركیاو عێراق هەیە بۆ روبەڕبونەوەی تیرۆر."

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی توركیا راشیگەیاندوە، توركیاو عێراق چاویان لەوەیە كە رێككەوتنە ئەمنی و سەربازییەكەی ئەم دواییەی نێوانیان "ئەنجامی كۆنكرێتی" لەسەر زەوی هەبێت و هەماهەنگی نێوان دامەزراوە پەیوەندیدارەكانی هەرد وڵات بۆ ئەو مەبەستە زیاتر بكرێت.

ئێوارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا وتی، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، هاتۆتە ئاسمانی كەركوك و چاودێرییان كردوە، دوای ئەوەی هاوپەیمانان و دەزگا ئەمنییەكان ئاگاداركراونەتەوە، درۆنەكە نەناسراوە، بەڵام دوای كەوتنەخوارەوەی رۆن بۆتەوە كە توركییە.

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق وتیشی، تیمێكی تەكنیكی پێكهێنراوە بۆ زانینی هۆكاری كەوتنە خوارەوەی درۆنەكەو روداوەكە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×