سەرۆك كۆماری ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەكەی شەڕ لەگەڵ كەس ناخوازێت، بەڵام ملكەچی نادادپەروەری نابین و بەردەوام دەبین لە دژایەتیكردنی ستەمكارى، دەشڵێت، دەبێت كاربكەین بۆ تێپەڕاندنی ئەو سزایانەی بەسەرماندا سەپێنراون.
ئاوێنه: مەسعوود پزیشكیان سەرۆككۆماری ئێران لە مەراسیمى ئاڵوگۆڕکردنى پۆستی وەزارەتی دەرەوە لە تاران سەبارەت بە هێرشەكانی ئیسرائیل و وڵامدانەوەیان، وتارێكی پێشكەش كرد.
مەسعوود پزیشكیان ڕایگەیاند، ئێمە بەدوای ئاشتی لەگەڵ جیهاندا دەگەڕێین، لەگەڵ هیچ كەسێكدا شەڕ ناكەین، بەڵام لە دژی نادادپەروەریی دەوەستینەوە و لەگەڵ ستەمكاریش دوژمنایەتی دەكەین.
ئاماژەی بەوەشكرد، هەموو مرۆڤێك بە تاوانەكانی غەزە كاریگەرە، بەڵام ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ پشتیوانی لە ئیسرائیل دەكەن.
دەشڵێت: ئێمە توانای پتەوكردنی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ هەیە، هەروەها دەبێت كاربكەین بۆ تێپەڕاندنی ئەو سزایانەی بەسەرماندا سەپێنراون.