جۆن کێربی بۆ ئێران: هێرش مەکەن پێویست ناکات دۆخەکە تێکبدەن
  2024-08-28       242       

رۆژی سێشەممە 27ی ئابی 2024، جۆن کێربی، وتەبێژی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا بە میدیای ئیسرائیلی راگەیاند، "هێشتا پێمان وایە کە ئێران هێشتا ئامادەیە هێرش بکات".
 
ئاوێنه‌: کێربی، پەیامی حکومەتی وڵاتەکەی بۆ ئێران نارد و وتی: "پەیامی ئێمە نەگۆڕە، هەر ئەوە بووە و هەر ئەوەش دەبێت. بە ئێران دەڵێین هێرش مەکەن، پێویست ناکات دۆخەکە تێکبدەن".
 
وتەکانی کێربی لەکاتێکدایە، رۆژی دووشه‌ممه‌ 26ی ئابی 2024، پات رایدەر، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا باسی لە ئەگەری هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل کرد و وتی، "هەڵسەنگاندنەکانمان ئەوە دەردەخەن کە هێشتا هەڕەشەی هێرشکردن بەردەوامە".
 
31ی تەمموزی ئه‌مساڵ، ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی ئەو کاتی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە تارانی پایتەختی ئێران کوژرا.
 
ئێران کوشتنی هەنییەی خستووەتە ئەستۆی ئیسرائیل و دەڵێت، کاردانەوەی دەبێت.
 
رۆژێک پێشتریش ئیسرائیل کەسی دووەمی حزبوڵای بەناوی فوئاد شوکر، لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان کوشت.
 
بەرەبەیانی 25ی ئابی 2024 حزبوڵا بە 320 کاتیۆشا و مووشەک هێرشی کردە سەر 11 بنکەی سەربازیی ئیسرائیل. هەمان رۆژ، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، شکستیان بە پلانەکەی حزبوڵا هێناوە و زۆربەی مووشەکەکانیان خستوونەتە خوارەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×