جێگری سه‌رۆكی ئێران له‌ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی پاشگه‌زبوه‌وه‌
  2024-08-27       311       
محەمەد جەواد زەریف، مه‌سعود پزیشكیان


محەمەد جەواد زەریف نامه‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی له‌پۆستی جێگری سه‌رۆكی ئێران كشانده‌وه‌و گەڕایەوە بۆ حکومەت‌و پۆستەکەی‌ خۆی‌ بۆ جێگری سەرۆک کۆماری وڵاتەکە بۆ کاروباری سیاسی و ستراتیجی وەرگرتووە.

ئاوێنه‌: بەگوێرەی میدیای ئێران، دوای کۆبونەوەی ئەمڕۆی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای وڵاتەکە لەگەڵ ئەندامانی کابینەکەی پزیشکیان، محەمەد جەواد زەریف، جارێکی دیکە بڕیاری گەڕانەوەی بۆ حکومەت و بەشداریی لە کابینەکەی پزیشکیان داوە.

دوای کۆبوونەوەکە، زەریف لەتۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی، "دوا بەدوای بەداوداچونی راوێژکاریی وردی بەڕێز سەرۆک کۆمار و فەرمانی نوسراوی بەڕێزیان، بڕیارمدا بەردەوامبم لەراپەڕاندنی ئەرکەکانم لەپۆستی جێگری سەرۆک کۆمار بۆ کاروباری سیاسی و ستراتیجی".

كۆتایی مانگی ته‌مموزی ڕابردو، مه‌سعود پزیشكیان سه‌رۆكی نوێی ئێران، محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریفی وه‌ك جێگری سه‌رۆك كۆمار بۆ كاروباری ستراتیژیی ده‌ستنیشانكرد، به‌ڵام دوای چه‌ند ڕۆژێك محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف نامه‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی له‌ پۆسته‌كه‌ی پێشكه‌ش به‌پزیشكیان كرد.

بەگوێرەی میدیای ئێران، له‌ڕۆژانی ڕابردودا مه‌سعود پزیشكیان دانوستاندنی له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریفدا كردووه‌و ناوبراوی قایلكردووه،‌ نامه‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی بكشێنێته‌وه‌و له‌و بڕیاره‌ی پاشگه‌زببێته‌وه‌و له‌پۆستی جێگری سه‌رۆكدا بمێنێته‌وه‌.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×