ڕۆژی یەکەمی کۆنگرەی نیشتمانی دیموکراتەکانی ئەمەریکا بەڕێوەچو، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا دەستپێکی کۆنگرەکەی بەماڵئاواییکردن لەکاری سیاسیی دهستپێكردو ئاماژەی بەوەدا کە ئامادەیە بۆ ڕادەستکردنی دەسەڵات بۆ کامڵا هێرسی جێگریو كاندیدی دیموکراتەکان.
ئاوێنه: جۆ بایدن دەستپێکی کۆنگرەکەی بەماڵئاواییکردن لەکارە سیاسییەكانی هێناو ئاماژەی بەوەدا کە ئامادەیە بۆ ڕادەستکردنی دەسەڵات بۆ کامڵا هێرسی جێگری و كاندیدی دیموکراتەکان.
بایدن کاتێک چووە سەر سەکۆکە خەڵکەکە هەستان و چەپڵەیان بۆ لێدا و هاوارییان دەکرد "خۆشمان دەوێیت جۆ"، بایدنیش لەوەڵامدا پێی وتن، " خۆشم دەوێن." دوای ئەو دەستپێکە، بایدن زۆربەی وتارە 50 خولەکییەکەی لەهێرشکردنە سەر ترامپ بەسەر برد، گەڕایەوە سەر لێدوانەکانی ئەو کاتەی کە خۆی كاندید بوو بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا.
بایدن باسی لەچەندین دەستکەوتی سهرۆكایهتییهكهی کرد، بەپاکێجی گەورەی کاری گشتی و پڕۆگرامی کەش و هەواشەوە، بایدن ڕایگەیاند، "ئەمەریکا سەردەکەوێت."
بایدن هێرسی بە "هاوڕێیەکی نزیک" ناوبردو وتی هەڵبژاردنی هێرس وەکو جێگری خۆی باشترین بڕیار بووە کە دابێتی. هەروەها بەڵێنیدا یارمەتی هێرس بدات سەربکەوێت لەهەڵبژاردنەکاندا، بەڵێنیدا "باشترین خۆبەخش" بێت کە هێرس و واڵز بینبێتیان.
لەکۆتاییدا وتی، "بۆ ماوەی 50 ساڵ باشترینی خۆمم پێشکەشکردون."
کامڵا هێرس لەناکاو بەبێ ئەوەی پێشتر پلانی بۆ داندرا بێت دەرکەوت و ستایشی بایدنی کرد، پێش ئەوەی وتارەکەی خۆی لەکۆنگرەکەدا پێشکەش بکات. هێرس به بایدنی وت، "سوپاس بۆ سەرکردایەتییە مێژووییەکەت، بۆ خزمەتکردنی وڵاتەکەمان، بۆ هەموو ئەو کارانەش کە بەردەوام دەبیت لە ئەنجامدانییان."
وتیشی " ئێمە بۆ هەمیشە سوپاسگوزاری تۆین."
ههر لهڕۆژی یهكهمی كۆنگرهی دیموكراتهكاندا هیلاری کلینتن بەهیواوە قسەی کردو وتی، لەکۆتاییدا بەربەستەکان دەشکێن و ژنێک وەکو سەرۆکی ئەمەریکا هەڵدەبژێردرێت.
ههرچهنده هەزاران کەس لەشەقامەکانی شیکاگۆ ڕێپێوانییان دەکرد دژی پشتیوانییەکانی ئەمەریکا بۆ ئیسڕائیل لەجەنگی غەززەدا، بەڵام لەناو هۆڵی کۆنگرەدا، پرسەکە بەشێوەیەکی بەرچاو پشتگوێ خرا.