ئەندامێكی سەربەخۆی پەرلەمانی عێراق داوای بڕینی ئەو هاوكارییە داراییانە دەكات، كە لە بودجەی ساڵانەدا بۆ حزبە سیاسییەكان تەرخانكراوە، دەشڵێت، تا ئێستا لە بودجەی ئەمساڵدا بڕی ١٨ ملیار دینار بە حزبە سیاسییەكانی عێراق دراوە.
ئەمیر مەعموری پەرلەمانتاری سەربەخۆی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە داواكاریی بڕینی هاوكاریی حزبە سیاسییەكانی عێراق، ڕاگەیادراوێكی بڵاوكردەوە لە ڕاگەیاندراوەكەدا داوای لە پەرلەمانی عێڕاق كردووە، ڕوونكردنەوەی پێبدەن دەربارەی هاوكاریی حزبە سیاسییەكان، هەروەها داوای بڕینی ئەو هاوكارییانە دەكات، چونكە ئەو پارەیە بێ پاساو لە بودجەی خەڵك دەدرێت بە حزبە سیاسییەكان.
ئاماژەی بەوەشكردووە، تا ئێستا لە بودجەی فیدراڵی ساڵی ٢٠٢٤، بڕی ١٨ ملیار دینار بە حزبە سیاسییەكانی عێراق دراوە، هێشتا بڕی پێنج ملیاری دیكەش ماوە پێیان بدرێت.
ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەو پارتە سیاسییانەی نوێنەریان لە پەرلەمان هەیە ٨٠٪ـی هاوكارییە داراییەكەیان پێدەدرێت و پارتەكانی دیكەش كە پەرلەمانتاریان نییە تەنیا ٪٢٠یان پێدەدرێت.
لە كۆتایدا دەڵێت، وەزارەتی دارایی بەرپرسیارە لە پەسەندكردنی ئەو هاوكارییە داراییەی كە دەوڵەت پێشكەشی لایەنەكان دەكات، چونكە لە ڕێگەی وەزارەتی داراییەوە ئەو پارەیە دەچێتە سەر هەژماری حزبە سیاسییەكان.