وەزارەتی دەرەوە: پێشنیازە یاساكه‌ی‌ ئەندامه‌كه‌ی کۆنگرێس دەستێوەردانە لەکاروباری ناوخۆی عێراق
  2024-06-29       386       
فائق زێدان، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق

وەزارەتی دەرەوەی عێراق پێشنیازە یاسایه‌كی‌ ئەندامێكی کۆنگرێسی‌ ئه‌مه‌ریكا ڕه‌تده‌كاته‌وه‌و به‌دەستێوەردانە لەکاروباری ناوخۆی عێراق وه‌سفی‌ ده‌كات. سەرۆکی پەرلەمانی عێراق-یش ده‌ڵێت، "پێشنیازەكه‌ پێشینەیەکی مەترسیدارەو کاریگەریی نەرێنی لەسەر پەیوەندییە دو قۆڵییەکانمان دەبێت".

ئاوێنه‌: مایك واڵتز، ئەندامی كۆنگرێسی ئەمەریكا پڕۆژە یاسایەكی پێشكەشكردووە بۆ تۆمەتباركردنی فائق زێدان، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق‌و بەوە تۆمەتباری‌ كردووە كە لەخزمەتی ئێراندا كار دەكات.

ئەو كارەی واڵتز، لەئاستی ناوخۆییدا كاردانەوەی زۆری لایەنە عێراقیی‌و دامەزراوە دەستورییەكانی لێكەوتووەتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەراگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەو لێدوان و نیازەی مایک واڵتزی پەرلەمانتاری ئەمریکا دەستێوەردانە لەکاروباری ناوخۆیی عێراق.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەشکردوە، هەوڵەکانی تێوەگلانی کۆنگرێس لەو جۆرە دۆسیانەدا دەستێوەردانێکی ئاشکرایە لەسەروەری عێراق و سیستمی دادوەرییەکەی.

هاوكات موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەوەکالەت ڕایگەیاندووه‌، "ئەو پێشنیازە یاسایەی کۆنگرێسی ئەمریکا، پێشینەیەکی مەترسیدارەو کاریگەریی نەرێنی لەسەر پەیوەندییە دو قۆڵییەکانمان دەبێت".

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×