ئاژانسی هەواڵی ڕوسیا لەزاری بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیای ڕایگەیاندوە، ئەگەر فەرەنسا هێزی سەربازیی خۆی ڕەوانەی ئۆکرانیا بکات، وەڵامی ڕوسیا تەنها بەشێوەی سیاسیی نابێت.
ئارتیۆم ستودنیکۆڤ سەرۆکی بەشی ئەوروپی وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەنەکردوە ئاخۆ ڕوسیا چ ڕێکارێک دەگرێتەبەر لەڕوداوێکی لەو شێوەیەدا، بەڵام وتویهتى:"مۆسکۆ لەوبارەیەوە هۆشداریی بەپاریس داوە".
هەروەک بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، ستودنیکۆڤ ئاماژەی بەوەشکردوە، ناردنی هێزی فەرەنسا بۆ ئۆکرانیا مەترسیی پێکدادانی نێوان هەردوو وڵاتی خاوەن چەکی ئەتۆمیی زیاد دەکات.
ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ ناردنی هێز بۆ ئۆکرانیا، بەوپێیەی کە ئەم بابەتە پێویستە "بوروژێنرێت" ئەگەر مۆسکۆ بچێتە ناو "هێڵەکانی پێشەوە"و ئەگەر کیێڤ داوای بکات.
سەرۆکی فەرەنسا لەلێدوانەکانی مانگی ڕِابردویدا بۆ گۆڤاری ئیکۆنۆمیست ڕایگەیاند، "ئەگەر ڕوسەکان بچنە ناو هێڵەکانی پێشەوەو ئەگەر ئۆکرانیا داواکارییەکی لەو جۆرە پێشکەشبکات کە تائێستا ڕوینەداوە، پێویستە بەشەرعی ئەم بابەتە بوروژێنین".
ئاماژەی بەوەشکرد، "ڕەتکردنەوەی ئەمە لەئێستادا بەو مانایەیە کە ئێمە وانەمان لەدوو ساڵی ڕابردوو وەرنەگرتوە"، کاتێک وڵاتانی ناتۆ سەرەتا ڕەتیانکردەوە تانکو فڕۆکە بۆ ئۆکرانیا لەدوای لەشکرکێشی ڕوسیا لەشوباتی 2022 بنێرن، پێشئەوەی بیروڕایان بگۆڕن.