وێنەی سەعید عەلیدادی، ئەو راوێژكارە سەربازییەی سوپای پاسداران كە میدیای ئێران دەڵێت، ئەمڕۆ 2/2/2024 لە هێرشی ئیسرائیلدا بۆ سەر دیمەشق كوژراوە
میدیای نیمچەڕەسمی ئێران ئاشكرایكرد، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی لە هێرشێكی موشەكی ئیسرائیلدا بۆ سەر دیمەشقی پایتەختی سوریا، راوێژكارێكی سەربازیی سوپای پاسدارانی ئێران كوژراوە.
ئاوێنە: ئاژانسی تەسنیم بڵاویكردۆتەوە، لە هێرشەكەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئیسرائیلدا بۆ سەر دیمەشق، راوێژكارێكی سەربازیی سوپای پاسدارانی ئێران بەناوی "سەعید عەلیدادی" كوژراوە.
تەسنیم پلەی سەربازیی راوێژكارە ئێرانییە كوژراوەكەی نەخستۆتەڕو.
پێشتر ئاژانسی هەواڵی رەسمی سوریا(سانا) لەزاری سەرچاوەیەكی سەربازیی وڵاتەكەیەوە بڵاویكردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئیسرائیل لە بەرزاییەكانی جۆلانەوە هێرشێكی موشەكی كردۆتە سەر ناوچەیەك لە باشوری دیمەشقی پایتەخت.
ئاژانسی هەواڵی رەسمی سوریا وتویەتی، ژمارەیەك لە موشەكەكان لەلایەن سوپای سوریاوە خراونەتە خوارەوە.