بە مەبەستی رێگریکردن لە فراوانبوونی شەڕ و پێکدادانی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریکا، ئێران بەرپرسە باڵا سەربازییەکانی لە سوریا دەکشێنێتەوە.
ئاوێنە: ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری پێنج سەرچاوەوە بڵاویکردەوە:" سوپای پاسدارانی ئێران، بەرپرسە باڵاکانی خۆی لە وڵاتی سوریا دەکشێنێتەوە و بەشێک لە هۆکارەکانی ئەو بڕیارەش دەگەڕیتەوە بۆ دوودڵی تاران سەبارەت بە شداریکردنی راستەوخۆی شەڕ لە ناوچەکەدا".
ئاماژەی بەوەشکرد:" فەرماندە باڵاکانی ئێران لەگەل دەیان ئەفسەردا سوریایان بەجێهێشتووە، تاران نیازی نییە بە یەکجاری لە سوریا بکشێتەوە، بەڵام پێداچوونەوە بۆ هێزەکانی دەکات لەو وڵاتە بە مەبەستی رێگریکردن فراوانبوونی شەڕ لە ناوچەکە، هەروەها تاوەکو ئێستا نازانرێت چەند بەرپرس و ئەفسەری سەربازی ئێران لە سوریا کشاونەتەوە".
شایەنی باسە چەند هەفتەیەک پێش ئێستا سوپای پاسداران ئاشکرایکرد، لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر دیمەشقی پایتەختی سوریا پێنج راوێژکاری سەربازی وڵاتەکەیان کوژراوە.
پێشتریش چەند جارێک بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە چەند بەرپرسێکی باڵای سوپای پاسداران لە سوریا کوژراون.
لەلایەکی دیکەوە رۆژی یەکشەممە، لە رێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە هێزەکانی ئەمەریکا لە سنووری ئوردن بە ئامانج گیران و لە ئەنجامدا، ژمارەیەک سەربازی ئەمەریکی کوژران و نزیکەی 40 سەربازی دیکەش بریندار بوون.
دوابەدوای رووداوەکە، بەرپرسانی ئەمەریکا چەندجارێک بانگەشەی ئەوەیانکرد، تۆڵەی ئەو هێرسە لە ئێران دەکەنەوە، چونکە تارانیان بەوە تۆمەتبار دەکرد کە لە پشتی هێرشەکەوەیە.
هاوکات دەنگۆی ئەوە هەبوو، بەشیک لەسیناتۆرە ئەمەریکییەکان داوایان لە دەسەڵاتی وڵاتەکەیان کردووە هێرشی راستەوخۆ بکەنە سەر ئێران.
لە بەرامبەردا دوێنێ چوارشەممە، حسێن سەلامی فەرماندەی سوپای پاسداران وتی:" ئێمە بەدوای شەڕدا ناگەڕێین، بەڵام بە هیچ شێوەیەک لە شەڕیش ناترسین، لەم رۆژانەدا گوێبستی هەندێک هەڕەشە دەبین لە زاری بەرپرسانی ئەمەریکا، پێیان دەڵێم، ئێوە ئێمەتان تاقیکردووەتەوە و هەردوولامان باش یەک دەناسین، هیچ هەڕەشەیەک بۆ سەر ئێمە بێ وەڵام نابێت".