وەزارەتی بەرگری ئەمریكا رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتودا، حكومەتی ئەمریكاو حكومەتی عێراق دەست دەكەن بە كۆبونەوەكانی تیمی كاری سەر بە لیژنەی باڵای سەربازیی نێوان هەردو وڵات، بۆ داڕشتنی خشتەیەكی زەمەنی بۆ گۆڕینی ئەركی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق.
ئاوێنە: وەزارەتی بەرگری ئەمریكا لە راگەیەندراوێكدا ئەوەشی وتوە، دەستپێكردنی كارەكانی لیژنەی باڵای سەربازیی هاوبەشی نێوان وڵاتەكەی و عێراق، رەنگدانەوەی پابەندیی قوڵی ئەمریكایە بە سەقامگیری ناوچەكەو پاراستنی سەروەریی عێراق.
ئەوەشی خستۆتەڕو، كاری لیژنە باڵا سەربازییەكە گواستنەوەیە بۆ شەراكەتێكی ئەمنی دوقۆڵی هەمیشەیی لەنێوان ئەمریكاو عێراقداو ئەوەش بە پشتبەستن بە گفتوگۆكانی مانگی ئابی ساڵی رابردوی نێوان هەردو وڵات كە ئەركی لیژنە باڵاكە گفتوگۆكردنە لەبارەی خشتەیەكی زەمەنی بۆ گۆڕینی ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش.
وەزارەتی بەرگری ئەمریكا هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە لە دانانی خشتە زەمەنییەكەدا رەچاوی سێ فاكتەری سەرەكی دەكرێت كە بریتین لە: هەڕەشەی داعش، پێداویستییەكانی ئۆپەراسیۆن، توانای هێزە ئەمنییەكانی عێراق.
وتوشیەتی، گروپەكانی كاركردن كە لە پسپۆڕان و شارەزایانی سەربازی و بەرگریی پێكدێن دیراسەی ئەو سێ فاكتەرە دەكەن و راوێژەكانیان پێشكەش بە لیژنە باڵا سەربازییەكە دەكەن لەبارەی پەرەسەندنەكانی ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش بەشێوەیەك كە زامنی سەرهەڵنەدانەوەی داعش بكات ئەوەش بە راوێژ لەگەڵ هاوبەشەكانی دیكەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەسەرجەم قۆناغەكاندا.
وەزارەتی بەرگری ئەمریكا دوپاتیكردۆتەوە كە بونی سەربازانی ئەمریكا لە عێراق لەسەر بانگهێشتی حكومەتی عێراقە بۆ پێدانی راوێژ و هاوكاریكردن و تواناداركردنی هێزە ئەمنییەكانی عێراق لە شەڕیان دژبە داعش، ئەمریكا پابەنددەبێت بە عێراقێكی سەقامگیرو خاوەن سەروەرییەوە.
هەروەها جەختیشی كردۆتەوە كە دەستپێكردنی كاری لیژنەی باڵای سەربازیی نێوان هەردولا وڵات رەنگدانەوەی بەرەوپێشچونی پەیوەندیی دوقۆڵی نێوان عێراق و ئەمریكایە بەپێی رێككەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیژی و جەحتكردنەوەیە لە پابەندبونمان بە قوڵكردنەوەی هاوكارییە ئەمنییەكانمان بۆ پتەوكردنی سەقامگیری لە ناوخۆی عێراق و ناوچەكەدا.