هەریەک لەبەریتانیا، فەڕەنساو ئەڵمانیا لەبەیاننامەیەکی هاوبەشو دوای کۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتوەکان کە دوشەممەی ڕابردوو بەڕێوەچوو، کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان تۆمەتبارکردوە بەپەرەپێدانو تاقیکردنەوەی موشەکی بالیستیی، گواستنەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ ڕوسیاو پیتاندنی یۆرانیۆم تا 60%، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە تاران نزیکە لەدروستکردنی چهكى ئەتۆمیو هەڕەشەکردن لەئاشتی جیهانی.
ئەو سێ وڵاتە ڕۆژئاواییە لەبەیاننامەکەیاندا ئاماژەیان بەو بەڵگانە کردوە کە بەریتانیا لەبارەی چالاکییەکانی ئێران لەپەرەپێدانی تەکنەلۆژیای موشەکییو پێدانی بەلایەنی ناحکومیی لەناوچەکەو دەرەوەدا پێشکەشیکردوە، هەروەک پێشوازیشیان لەدانپێدانانەکانی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێزی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتوەکان پێی کردوە.
لەبەیاننامەکەدا هاتوە، “ئێران سەدان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی گواستەوە بۆ ڕوسیا، بۆ پشتگیریکردن لەشەڕی شەڕانگێزی ڕوسیا دژی ئۆکرانیا، لەکاتێکدا دەزانێت ڕوسیا بەکاریاندەهێنێت بۆ بەئامانجگرتنی شارەکانی ئۆکرانیاو ژێرخانی ئەو وڵاتە".
سەبارەت بەپەرەپێدانو تاقیکردنەوەی موشەکی بالیستیکو تەکنۆلۆژیاکانی پهیوەندیدار، بەریتانیا، فەرەنساو ئەڵمانیا، بەئاماژەدان بەهەڵگرتنی کۆتوبەندەکان لەسەر بەرنامەی موشەکی ئێران، داوایانکردوە “لێکۆڵینەوەی ورد” لەم بابەتە بکرێت.
هەروەک ئەم وڵاتانە ناڕەزایەتیان دەربڕیوە بەرامبەر بەهاوکاریینەکردنی ئێران لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمییو لەوبارەیەشەوە وتویانە، "ئێران هەرگیز نابێت چەکی ئەتۆمیی بەرهەمبهێنێتو دەبێت خۆی لەپەرەسەندنی گرژییە ئەتۆمییەکان بەدوربگرێت".
بەگوێرەی ئەوەی بەریتانیا، فەرەنساو ئەڵمانیا ڕایانگەیاندوە، نزیکیی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لەتواناکانی پەیوەست بەدروستکردنی چەکی ئەتۆم، "دەبێتە هۆی گەورەترین نیگەرانیی بۆ ئاشتییو ئاسایشی نێودەوڵەتیی".