بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵ فارس، ئەمیر سەعید ئێرانی باڵیۆزو نوێنەری هەمیشەیی ئێران لەنەتەوەیەکگرتوەکان، جەختی لەوەکردەوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران بەشداریی لەهیچ چالاکییەکو هێرشێکی دژ بەهێزەکانی ئەمریکادا نەبوە.
باڵیۆزی هەمیشەیی ئێران لەنەتەوەیەکگرتوەکان ئەو پەیامەی ئاراستەی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتوەکانو باڵیۆزی ئیکوادۆر لەنەتەوەیەکگرتوەکان کردوە کە وڵاتەکەی سەرۆکایەتیی خولیی ئەنجومەنی ئاسایشی بەدەستەوەیە.
ئەو گەورە دیبلۆماتکارەی ئێران لەنەتەوەیەکگرتوەکان وتویەتی، "لەم پێوەندییەدا جارێکی دیکە پشتڕاستیدەکەمەوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران بەشداریی لەهیچ چالاکییەکو هێرشێکدا نەبوە دژی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا".
جەختیشیکردۆتەوە، "ئێران ئەم تۆمەتە بێبنەمایانە بەهەوڵێکی بەئەنقەست دەزانێت لەلایەن ئەمریکای داگیرکەر، بۆ پاساوهێنانەوەو بەتاوان نەزانینی دەستدرێژییو پێشێلکارییە قورسەکانی یاسا نێودەوڵەتییەکانو میساقی نەتەوەیەکگرتوەکان لەکۆماری عەرەبیی سوریادا".
هەروەک، ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دوشەممەی ڕابردوو لەمیانی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییە هەفتانەیەکەیدا، لەوەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنوسێک سەبارەت بەبانگەشەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا کە ئێران دەستی هەبوە لەهێرشی حوسییەکانی یەمەن بۆسەر کەشتییەکانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، "ئەوان فەرماندەی ناوەندیی سوپای ئەمریکا بەهێزێکی تیرۆریستیی هەژماردەکەین، بونی ئەو هێزە بۆتە هۆی تێکدانی ئاسایشو سەقامگیریی وڵاتانی ناوچەکە، بانگەشەکانیان جێگای متمانە نییەو بەلای ئێرانەوە ئەو بانگەشانە هیچ ئەرزشێکیان نییە".
پێشتریش ئێران لەسەر زاری ناسر کەنعانییەوە ڕایگەیاندبوو، هێزو گروپەکانی ناسراو بەمقاوەمە لەناوچەکەدا فەرمان لەئەوان وەرناگرنو بەگوێرهى ڕێنماییەکانی ئەوان کارناکەن.
باسی لەوەشکردبوو، کە بانگەشەکانی ئەمریکا لەوبارەیەوە هیچ بنەمایەکیان نییە.