سوپای پاسدارانی كۆماریی ئیسلامی ئێران، ئەمڕۆ شەممە، كوژرانی دو ئەندامی خۆی لە ئەنجامی هێرشێكی ئیسرائیل لە سوریا راگەیاندو دەڵێت، "راوێژكاری سەربازیی بون و لە كاتی بەجێبەجێكردنی ئەركەكانیاندا" كوژراون.
ئاوێنە: سوپای پاسداران، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، هەردو پاسدار "محەمەد عەلی عەتایی شوچە" و "پەنا تەقی زادە" "لە كاتی ئەنجامدانی ئەركی راوێژكاریی خۆیاندا لە بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە سوریا" لە هێرشێكی ئیسرائیلدا كوژران.
سوپای پاسداران ئاماژەی بە كات و شوێنی كوژرانی ئەو دو ئەندامەی و هەروەها پلە سەربازییەكانیان نەكردوە.
پێشتر وەزارەتی بەرگریی سوریا لە راگەیەندراوێكدا وتبوی، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، ئیسرائیل هێرشێكی ئاسمانی بۆ سەر چەند پێگەیەك لەنزیك دیمەشقی پایتەخت، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە زیانەكانی هێرشەكە بكات.
بەگوێرەی روانگەی سوریی بۆ مافەكانی مرۆڤ، هێرشەكە چەند پێگەیەكی حزبوڵای سوری لە نزیك دیمەشق كردۆتە ئامانج.