سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، ئاگربەستی كاتی نێوان حەماس و ئیسرائیل لەپاش حەوت رۆژ، كۆتایی هات. ئیسرائیل دەستی بە بۆردومانی غەززە كردەوەو حەماس تۆمەتبار دەكات بەوەی پابەندی مەرجەكانی ئاگربەست نەبوەو حەماسیش ئیسرائیل تۆمەتبار دەكات بە شكاندنی ئاگربەستەكە.
ئاوێنە: سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، دەست بە شەڕ دەكاتەوە چونكە حەماس "پێشێل"ی مەرجەكانی رێككەوتنی ئاگربەستی كردوەو نیو سەعات پاش ئەوە فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل دەستیان كرد بە بۆردومان لە كەرتی غەززە.
وەزارەتی تەندروستیی غەززە بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندوە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی بەهۆی هێرشە ئاسمانییەكانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر شاری رەفەح لە باشوری كەرتی غەززە، شەش فەلەستینی كوژراون.
هاوكات پزیشكێك لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی باكوری غەززە بە ئاژانسەكەی وتوە، لە هێرشە ئاسمانییەكانی ئیسرائیلدا بۆ سەر شاری غەززە لە باكوری كەرتی غەززە، دو منداڵ كوژراون.
وەزارەتی ناوخۆی غەززە رایگەیاند، ئەمڕۆ چەند ناوچەیەكی كەرتی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆردومان كراون.
ماوەیەكی كەم بەر لە كۆتاییهاتنی ئاگربەستەكە، دەنگی زەنگی مەترسی لە باشوری ئیسرائیل بیسترا، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، موشەكێك لە غەززە هەڵدراوەو خستویانەتە خوارەوە.
تۆڕی هەواڵیی بی بی سی لە زاری سەرچاوەیەكی نزیك لە دانوستانەكانەوە بڵاویكردۆتەوە، حەماس پێی وایە ئیسرائیل پێشێلی ئاگربەستی كردوە، ئەوەش بەهۆی رێگە نەدان بە گەیاندنی سوتەمەنی بە باكوری كەرتی غەززە.
بەڵام هەر ئەو سەرچاوەیە وتوشیەتی، حەماس ئامادە نەبوە پیاوە بارمتە ئیسرائیلییەكان ئازاد بكات، بەهان شێوەو مەرجی ئازادكردنی ژنان و منداڵانی بارمتە.
لەگەڵ ئەوەش بەپێی زانیارییەكان وڵاتان و لایەنە نێوەندگیرەكان لە هەوڵەكانیان بەردەوامن و بەردەوامیش دەبن لە هەوڵەكانیان بۆ گەیشتن بە رێككەوتنی نێوان حەماس و ئیسرائل لەسەر ئاگربەست، وێڕای دەستپێكردنەوەی شەڕ.
بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆكی وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، حەماس پێشێلی ئاگربەستی كردوە بەوەی كە رەتیكردۆتەوە بارمتەی زیاتر ئازادبكات و هەروەها بەقسەی ئەو، ئەم بەیانییە بە موشەك هێرشی كردۆتە سەر ئیسرائیل.
لەماوەی حەوت رۆژی ئاگربەستدا 100 بارمتە لەلایەن حەماسەوە ئازادكراون، بەڵام هێشتا نزیكەی 140 بارمتەی لەلا ماون.
نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە راگەیەندراوێكدا جەختی كردۆتەوە كە وڵاتەكەی پابەندە بە ئامانجەكانی كە بریتین لە ئازادكردنی بارمتە ئیسرائیلییەكان و سەركەوتن بەسەر حەماسدا.