گروپی چەكداریی "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" دەڵێت، ئامادەن بۆ زیادكردنی هێرشەكانیان دژی هێزەكانی ئەمریكا لەناوخۆ و دەرەوەی عێراق، ئەگەر ئەمریكا سوربێت لەسەر بەردەوامیدان بە هێرشەكانی ئیسرائیل لە غەززە یان باشوری لوبنان.
ئاوێنە: "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، ئەوەی گەلی فەلەستین روبەڕوی "كۆمەڵكوژیی زایۆنییەكان" بۆتەوە، لە دەرەوەی ئەو جەنگە نییە كە ئەمریكا دژبە خەڵكی غەززەو باشوری لوبنان، بەڕێوەی دەبات.
جەختیشی كردۆتەوە كە "ئێمە خەڵكەكەمان لەم شەڕەدا بەتەنیا جێناهێڵین بۆ روبەڕوبونەوەی ستەمكارەكانی جیهان."
موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق ئامادەیی خۆیشی بۆ "زیادكردنی كردەوە سەربازییەكان لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق" دژ بە هێزەكانی ئەمریكا راگەیاندوە، ئەگەر ئەمریكا سوربێت لەسەر بەردەوامی هێرشەكانی ئیسرائیل لە غەززە یان لە باشوری لوبنان.