نەتەوە یەکگرتووەکان لە توێژینەوەیەکی نوێدا ئاشکرای کردووە، ساڵی ڕابردوو لە سەرانسەری جیهاندا ٨٩ هەزار ژن کوژراون، لەو ژمارەیەش نیوە زیاتری تاوانەکان لەلایەن هاوسەر، برا، باوک یان ئەندامانی دیکەی خێزانەکەیان کوژراون.
ئاوێنه: نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی تاوان و ماددە هۆشبەرەکان و ژنان-ی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، دوێنێ کورتەی توێژینەوەیەکی هاوبەشیان بڵاو کردووەتەوە، بە ناونیشانی “کوشتنی لەسەر بنەمای ڕەگەزیی (فێمیساید): خەمڵاندنی جیهانیی بۆ تاوانەکانی ژنان لەلایەن هاوسەر/خێزان لە ساڵی ٢٠٢٢دا”، تێیدا ئاشکرایان کرد سەرباری کەمبوونەوەی ڕێژەی گشتی تاوانەکانی کوشتن، کوشتنی ژنان لە ساڵی ٢٠٢٢دا زۆر زیادی کردووە، بە شێوەیەک کە بەرزترین ڕێژەیە لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا تۆمار کرابێت.
توێژینەوە هاوبەشەکەی نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی تاوان و ماددە هۆشبەرەکان و ژنان-ی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، تیشکی خستووەتە سەر ئەو کوشتنانەی لەنێو ماڵدا ئەنجامدراون، کە لە کۆی ٨٩ هەزار کوشتنی ژنان لە جیهاندا، ٥٥٪ـی (٤٨ هەزار و ٨٠٠)یان لەلایەن هاوسەر/ ئەندامانی دیکەی خێزان ئەنجام دراوە و ڕایگەیاندووە، ئەو ڕێژەیە دەرخەری ئەوەیە ماڵ و خێزان نەبوونەتە پەناگەیەکی سەلامەت و پارێزراو بۆ ژنان، کە بە تێکڕا ڕۆژانە زیاتر لە ١٣٣ ژن لەلایەن ئەندامێکی خێزان/ناو ماڵ، کوژراون.
لە توێژینەوەکەی ئەو دوو نووسینگەیەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، ئامارەکانی ژن کوشتن بەپێی کیشوەرەکان جیاکراوەتەوە، بەپێی خەمڵاندنەکان ئەفریقا ٢٠ هەزار (١٦٥٠٠ – ٢٣٥٠٠) ژن کوژراون، ئاسیا ١٨ هەزار و ٤٠٠ (١٦٦٠٠ – ٢٠٢٠٠)، ئەمریکا حەوت هەزار و ٩٠٠ (٧٨٠٠ – ٨٠٠٠)، لە ئەوروپا دوو هەزار و ٣٠٠ (٢٢٠٠ – ٢٤٠٠)، لە ئوسترالیا ٢٠٠ ژن، لە ساڵی ٢٠٢٢دا لەلایەن هاوسەر/ ئەندامانی دیکەی خێزان، کوژراون.
لەبارەی مەترسیی و گەورەیی ڕێژەی ژن کوشتن، غادە وەلی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوان و ماددە هۆشبەرەکان وتی: ئامارەکانی کوشتنی ژنان مەترسیدار و هۆشدارییەکی توندە بۆ ئەوەی مرۆڤایەتی تا ئێستا ڕووبەڕوو و بەرەنگاریی نایەکسانی قوڵ و توندوتیژیی دژی ژنان دەبێتەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە حکومەتەکانی جیهان کار بکەن بۆ پێشخستنی سیستم و ڕێگەیەک کە کۆتایی بە دەربازبوونی تاوانباران لە سزا بهێنن و پاراستن و ئاسایش بۆ ژنان زیاتر دەستەبەر بکەن هاوکارییەکی زیاتر پێشکەش بە قوربانییەکان بکەن و دادگانیش ببنە ناوەندێک بۆ کۆتایهێنانن بە ژنکوژیی و ئەو توندوتیژییانەی بەرامبەر ژنان دەکرێن.