ئەردۆغان داوا لە حكومەتی سوریا دەكات شەڕی هەسەدە بكات
  2024-11-20       265       

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند، پێویستە حكومەتی سوریاش هاوشێوەی وڵاتەكەی شەڕی هێزەكانی هەسەدە بكات لە باكوری سوریا.

ئاوێنە: رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا، ئەمڕۆ لە كاتی گەڕانەوەیدا لە لوتكەی گروپی 20 لە بەرازیلەوە لەنێو فڕۆكەكەیدا قسەی بۆ رۆژنامەنوسان كردو وتی"ئێمە هیچ سازشێك لەبەرامبەر ئەو پێكهاتانە ناكەین كە بەردەوام لە دەرەوەی سنورەكانمانەوە بونەتە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەكەمان. ئەم ئامانجەی خۆمان بەشێوەیەكی رون بۆ هەمو لایەنەكان خستۆتەڕو."

بەبڕوای ئەرۆدغان باكوری سوریا لەلایەن پەكەكەو یەپەگەوە بە پشتیوانی ئەمریكا "داگیركراوە" و وتی"ئەم ناوچەیە لە رادەبەدەر گرنگە نەك تەنیا بۆ ئێمە بەڵكو بۆ سوریاش. پاككردنەوەی پەكەكە/پەیەدە/یەپەگە لەو ناوچەیە زۆر گرنگە."

ئەردۆغان هەروەها ئەو ناوچانەی رۆژئاوای كوردستانی كە لەژێر دەستی هەسەدەدان بە "زەلكاو" ناوبردوەو وتی"هەر وەك ئەوەی كە ئێمە هەوڵ بۆ وشككردنی ئەو زەلكاوە دەدەین، دەبێت حكومەتی سوریاش بە هەمان شێوە هەوڵی وشككردنی بدات."

ئەردۆغان وتیشی، ئێمە درێژە بە شەڕی ئەو رێكخراوانە دەدەین. وەك توركیا بۆ ئەو دۆخەی كە چونە دەرەوەی ئەمریكا لە سوریا دروستی دەكات، ئامادەین. هەوڵدەدەین بە ئەنجامدانی گفتوگۆی پێویست لەگەڵ روسیا لەسەر ئەو ناوچەیەی سوریا، "ئەو فەزا نوێیە بخەینە خزمەتی ناوچەكە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×