ئەمریکا خستنەخوارەوەی چه‌ند فڕۆكه‌یه‌كی بێفڕۆكه‌وان رادەگەیەنێت
  2023-11-23       308       

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند، کەشتیی یو ئێس ئێس تۆماس هادنەر چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی خستوه‌تە خوارەوە کە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکانی یەمەنەوە هەڵدرابون.

ئاوێنە: فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا لەسەر پلاتفۆرمی "X" (پێشتر تویته‌ر) رایگەیاند، "بەرەبەیانی ئه‌مڕۆ پێنجشەممە کەشتی ئەمریکی USS Thomas Hudner چەندین فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خستە خوارەوە کە لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی حوسییەکان لە یەمەنەوە هەڵدرابون".
 
ئاماژەی بەوەشکردوە، "فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لەکاتێکدا خراونەتە خوارەوە کە کەشتییە جەنگییە ئەمریکییەکە دەوریەی دەریای سوری دەدا، به‌ڵام کەشتییەکە و تیمەکەی هیچ زیانێک و برینداربونیان نەبوە".

پێشتر گروپی حوسی "ئەنسار الله" وێنە و دیمەنی دەستبەسەرکردنی کەشتیی "گالاکسی لیدەر" کە خاوەنەکەی بازرگانێکی ئیسرائیلییە لە دەریای سور بڵاوکردەوە، ئەوەش وەک کاردانەوەیەک بۆ هێرشە خوێناوییەکەی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە.
  
مەیجر جەنەڕاڵ محەممەد فەدل عەبدولنەبی، فەرماندەی هێزی دەریایی یەمەن رایگەیاند، هێزەکانی دەریایی بەردەوام دەبن لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی کەشتییە ئیسرائیلییەکان و بەرژەوەندییەکانی تا ئەوکاتەی بەئامانجگرتنی غەززە دەوەستێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کەشتیانەی ئاڵای ئیسرائیل هەڵدەکەن یان ئەو کەشتیانەی لەلایەن کۆمپانیا ئیسرائیلییەکانەوە بەڕێوەدەبرێن یان خاوەندارێتی کەسانی ئیسرائیل دەکرێن دەکرێنە ئامانج، داوای لە هەمو ئەو کەشتیانەی کرد کە بە دەریای سوردا تێدەپەڕن، لە نزیک کەشتییە ئیسرائیلییەکان نەڕۆن و ئامێری ناسینەوە نەکوژێننەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×