ئێران خۆی له‌ رفاندنی كه‌شتیه‌كی ئیسرائیلی بێبه‌ری ده‌كات
  2023-11-20       298       

ناسر كه‌نعانی وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران ره‌تیكرده‌وه‌، وڵاته‌كه‌ی هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی به‌ ده‌ستبه‌سه‌ركردن و رفاندنی كه‌شتیه‌كی ئیسرائیلیه‌وه‌ هه‌بێت له‌ وڵاتی یه‌مه‌ن و راشیگه‌یاند، لایه‌نه‌ خۆڕاگرییه‌كانی ناوچه‌كه‌ نوێنه‌رایه‌تی خۆیان و گه‌له‌كانیان و وڵاته‌كانیان ده‌كه‌ن.

ناسر كه‌نعانی له‌ لێدوانێكیدا رایگه‌یاند، لێدوانه‌كانی بنیامین نه‌ته‌نیاهۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندی ئێران له‌ ده‌ستبه‌سه‌ركردنی كه‌شتییه‌ ئیسرائیلییه‌كه‌ له‌ یه‌مه‌نه‌وه‌ تۆمه‌تی درۆیه‌، ئێمه‌ چه‌ندینجار ڕامانگه‌یاندوه‌ كه‌ لایه‌نه‌ خۆڕاگرییه‌كانی ناوچه‌كه‌ نوێنه‌رایه‌تی خۆیان ده‌كه‌ن و بڕیاره‌كانیان ده‌ده‌ن و به‌گوێره‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌له‌كه‌یان مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌م جۆره‌ لێدوانانه‌ له‌ چوارچێوه‌ی لابردنی تۆمه‌ته‌كان و ئامانجیان ده‌ربازبونه‌ له‌ دۆخه‌ سه‌خته‌كان.

وتیشی، "ئه‌م قه‌واره‌یه‌ ناتوانێت ئه‌و شكسته‌ ستراتیجییه‌ قبوڵ بكات كه‌ له‌لایه‌ن گروپێكی خۆڕاگری له‌ غه‌ززه‌ توشی بوه‌ و هه‌وڵ ده‌دات پاساوێك بۆ شكسته‌ به‌رفراوانه‌كه‌ی بدۆزێته‌وه‌ به‌ تۆمه‌تباركردنی ئێران".

ئه‌وه‌شیخسته‌ڕو، "ئێمه‌ چه‌ندینجار باسمان له‌وه‌ كردوه‌ كه‌ درێژه‌دان و په‌ره‌سه‌ندنی پێكدادانه‌كان له‌ ئه‌نجامی ئه‌و پشتیوانییه‌ هه‌مه‌لایه‌نه‌یه‌ی ئه‌مریكایه‌ له‌ كرده‌وه‌ی تاوانكاری كه‌ له‌ لایه‌ن قه‌واره‌ی زایۆنیستییه‌وه‌ ئه‌نجامدراوه‌".

به‌وته‌ی ناسڕ كه‌نعانی، "پشتیوانیی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی حكومه‌تی ئه‌مریكا بۆ تاوانه‌ جه‌نگییه‌كان كه‌ له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێن، ڕوبه‌ڕوی كاردانه‌وه‌ی گه‌وره‌ ده‌بێته‌وه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا" و ده‌شڵێت، "ئه‌مریكا دژایه‌تی هه‌ر بڕیارنامه‌یه‌كی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش ده‌كات كه‌ داوای ئاگربه‌ست ده‌كات و ئه‌م دژایه‌تییه‌ش له‌و ڕێوشوێنانه‌دایه‌ كه‌ دۆخی غه‌ززه‌ به‌ ئازارتر ده‌كات".

ئه‌وه‌شی رونكرده‌وه‌، هێرش و تاوانكاریه‌كان وایانكرد، هێزه‌كانی به‌رخۆدان له‌ ناوچه‌كه‌دا وه‌ڵام بده‌نه‌وه‌، هۆشداریشیان داوه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر هێرشه‌ سه‌ربازییه‌كان رانه‌گیرێن، بێكار نانه‌وه‌ستن.

نوسینگه‌ی بنیامین نه‌ته‌نیاهۆ، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل رایگه‌یاند، گروپی حوسییه‌كانی یه‌مه‌ن ده‌ستیان به‌سه‌ر كه‌شتییه‌كی بارهه‌ڵگری بریتانیا و ژاپۆن له‌ باشوری ده‌ریای سوردا گرتوه‌ و ڕوداوه‌كه‌ی به‌ "كرده‌وه‌یه‌كی ئێران" وه‌سفكرد، كه‌ كاردانه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئاسایشی ده‌ریایی نێوده‌وڵه‌تی ده‌بێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×