نوسینگەی راگەیاندنی حکومی کەرتی غەززە رایگەیاند، ژمارەی هاوڵاتییە فەڵەستینییە کوژراوەکان لەکەرتی غەززە 12 هەزار کەسی تێپەڕاندوە. ئاماژه بۆ ئهوهش دهكات كه ئیسرائیل داوای چۆڵکردنی کۆمەڵگهی تەندروستی شیفا کردووە.
ئاوێنه: د. محەممەد زەقوت، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی غەززە ئاشکرای کرد، ئیسرائیل داوای چۆڵکردنی کۆمەڵگهی تەندروستی شیفا کردووە، کە 120 بریندار لەناو نەخۆشخانەکەدا ماوەو پێنج پزیشک سەرپەرشتی چۆڵکردنی کۆمەڵگاکە دەکەن. وتیشی، "هەموومان بەرەو باشوری کەرتی غەززە دەڕۆین".
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 15/11/2023، سوپای ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی بۆ سەر نەخۆشخانەی شیفا لەکەرتی غەززە دەستپێکرد.
لای خۆیهوه مەنیر بەرش، بەڕێوەبەری تەندروستی غەززە رایگەیاند، لەکۆی 650 نەخۆشی نەخۆشخانەی شیفا، تەنیا 100 بۆ 120 نەخۆش ماونەتەوەو بۆ دەرکردنی ئەوان پێویستیان بەهەماهەنگی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان هەیە.
ئاماژەی بەوەشداوە، کە بۆ بردنە دەرەوەی ئەو منداڵانەی تازە لەدایکبون و لەژێر چاودێری چڕدان، پەیوەندییان بەخاچی سوری نێودەوڵەتییەوە کردوەو جەختی لەوەش کردەوە کە بۆ چاودێری نەخۆشەکان تەنیا دەتوانن پێنج پزیشک تەرخان بکەن.
باسی لهوهش كردووه، کە بەدرێژایی شەو لەگەڵ سوپای ئیسرائیل لەگفتوگۆدابوون بۆ ئەم مەبەستە و ئەوەشی وتوە کە خۆیان داوایان لە ئاوارەکانی ناو نەخۆشخانەکە کردوە نەخۆشخانەکە چۆڵ بکەن.