دەسەڵاتی دادوەریی فەرەنسا فەرمانی دەستگیركردنی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بۆ بەشار ئەسەد، سەرۆك كۆماری سوریا دەركرد، ئەوەش بەهۆی تێوەگلانی لە تاوانەكانی دژبە مرۆڤایەتی لەمیانی هێرشە كیمیاییەكانی رژێمەكەی لە ساڵی 2013 بۆ سەر دو ناوچە لە نزیك دیمەشق.
ئاوێنە: فەرمانەكە لەسەر سكاڵایەك بوە كە لەلایەن ناوەندیی سوریی بۆ راگەیاندن و ئازادی رادەربڕین، دەستپێشخەریی دادپەروەیی كۆمەڵگەی كراوەو هەروەها رێكخراوی داكۆكیكاران لە مافە مەدەنییەكان پێكشەش كراوە.
بەپێی قسەی سەرچاوەكان لە دەزگای دەسەڵاتی دادوەریی فەرەنسا، لەسەر سكاڵاكە جگە لە فەرمانی دەستگیركردنی بەشار ئەسەد، سێ فەرمانی دیكەی دەستگیركردن لەلایەن دەسەڵاتی دادوەریی ئەو وڵاتەوە دەركراون ئەوەش بەتۆمەتی تێوەگلان لە تاوانەكانی دژبە مرۆڤایەتی لە هێرشەكان بە گازی سارین بۆ سەر ناوچەكانی غوتەی رۆژهەڵات و موعزەمیەی شام لە نزیك دیمەشق لەساڵی 2013 كە تێیدا زیاتر لە هەزار كەس كوژران.
فەرمانەكان جگە لە بەشار ئەسەد، بۆ ماهر ئەسەدی برای كە فەرماندەی فیرقەی چواری سوپای سوریا بوەو هەروەها دو عەمیدی دیكەی سوپا دەركراون.
مازن دەروێش، بەڕێوەبەری ناوەندیی سوریی بۆ راگەیاندن و ئازادی رادەربڕین رایگەیاندوە، فەرمانی دەستگیركردنەكان پرسێكی دادوەریی مێژویی و "سەركەوتنێكی نوێی بۆ قوربانییەكان و خانەوادەكانیان و ئەوانەی دەربازیان بوەو هەنگاوێكی نوێیشە لەسەر رێی دادپەروەری و ئاشتی لە سوریا."
ئاماژەی بەوەشداوە، سكاڵاكە پشتبەستو بوە بە لێدوانی راستەوخۆی ژمارەیەك لە قوربانیانی رزگاربوی هێرشە كیمیاییەكان.