کامەران مەتین
تۆ ناتوانی بۆردومانی سنه و سابڵاغ و کوشتنی خەڵکی سیڤیل له ٨٠-١٩٧٩ له لایەن ڕژیمی ئێران مەحکوم بکەی بەڵام بۆردومانی غەزه له لایەن ئیسراێیل و کوشتنی خەڵکی سیڤیلی فەلەستینیت پێ ئاسایی بێ چونکه حەماس له ناو خەڵک دا خۆی حەشار داوه. خۆ له سنه و سابڵاغیش پێشمەرگه له ناو شار و خەڵک دا بوون. تێرۆریست بوونی حەماس و ناتێرۆریست بوونی پێشمەرگه شتێک لەم دوخه ناگۆڕێ. ئەوەیکه خەڵکی سیڤیل [بێ چەک] نابێ بکرێته ئامانجی هێڕشی چەکدارانه نە تەنیا بنەمایەکی ساکاری ئەخلاقیه بەڵکوو یاسایەکی ڕەسمی ناونەتەوەییە که هەم ئیسڕائیل و هەم ئێران به ڕەسمی قەبووڵیان کردووه.
تۆ ناتوانی گەمارۆی شارەکانی کوردستان له لایەن کۆماری ئیسلامی له کاتی شەڕی نێوان پێشمەرگە و دەوڵەت له دوای شۆڕشی ١٩٧٩ مەحکوم بکەی بەڵام بڕینی ئاو و کارەبا و بەنزین له سەر خەڵکی غەززەت پێ ئاسایی بێ.
تۆ ناتوانی کوشتاری قارنێ و قەڵاتان مەحکوم بکەی بەڵام کوشتاری نەخۆشخانەکان و کەمپی ئاوارەکانی فەلەستینیت له غەززە پێ ئاسایی بێ.
تۆ ناتوانی حیسابی موفتی زاده و سوپای ڕزگاری له دۆزی ڕەوای میللەتی کورد و کوردستان جیا بکەیەوە بەڵام حەماس و دۆزی نەتەوەیی فەلەستینت لا یەک شت بێ.
تۆ ناتوانی هاوکات کوردێکی نەتەوە پەروەر بیت و دژی ئەم یا ئەو حزبی کوردی هەڵوێست بگری و ناتەباییەک لەم هەڵوێسته دا نەبینی بەڵام هەمان لۆژیک بۆ پەیوەندی نێوان حەماس و دۆزی نەتەوەیی #فەلەستین فڕێ بدەی.
تۆ ناتوانی داگیرکاری کوردستان له لایەن دەوڵەتانی ئێران و تورکیا، سوریا، عێراق مەحکوم کەی بەڵام داگیرکاری فەلەستین له لایەن ئیسڕاێیل نەبینی و لات سروشتی بێت.
ئەم بیرۆکەیە که بۆ وێنه دەڵێ چونکه حەماس پشتیوانی ئەردۆغان بووه له داگیرکردنی #عەفرین، یا چونکه فەلەستینی له عەفرین له لایەن تورکیا نیشتە جێ کراون کە وایه قەیناکا با فەلەستینی بکوژرێن له ناخی خۆی دا جیاوازیێکی ئەوتۆی نیه له گەڵ ئەم بۆچوونه که دەڵێ کورد حەقی خۆیەتی #ئەنفال بکرێ چونکه پاڕتی و یەکیەتی دژی عێراق هاوکاری ئێران بوونه.
ئەوە ڕاستیەکی حاشا هەڵنەگره که زۆرێک لەو لایەن و کەسانەی خۆیان به «چەپ» پێناسه دەکەن، جا چ لە ئوروپا و ئەمریکا و چ لە ئێران و ناوچه، و ئێستا دژی کوشتنی به کۆمەڵی فەلەستینیەکان هەڵوێست دەگرن، بەرامبەر به کوشتنی به کۆمەڵی کوردان و وێران کردنی کوردستان بێدەنگ بوونه. بەڵام ڕێگای بەرپەرچ دانەوەی ئەوان ئەوە نیه که پشتیوانی ئیسراێیل له کوشتنی فەلەستینیان بکەی بەڵکوو ئەوەیه که دژایەتی و ناتەبایی هەڵوێستەکانی ئەوان لە قاو دەی و شەرمەزاریان کەی.
فەلسەفە و لۆژیکی داواکاری ڕزگاری و ماف بۆ نەتەوەی داگیرکراوی خۆت ناتوانێ کاکڵێکی یونێوێرساڵی [universal] نەبێ و دژی داخوازی ڕزگاری و مافی نەتەوەیەکی داگیرکراوی تر بێ حەتتا ئەگەر ئەم نەتەوەیه، یا هێزه سیاسیەکانی ئەم نەتەوەیه، پشتیوانی له دۆزی ڕەوای نەتەوەی تۆ نەکەن. له شڕۆڤەی کۆتایی دا پەیوەندی نێوان نەتەویی بوون و ناونەتەوەیی بوونی (internationalism) پێشکەتنخواز و یەکسانی خواز پەیوەندیەکی لۆژیکی و دیالێکتیکیه کە وایه نەتەویی بوون و ناونەتەوەیی بوون ناتوانن بە بێ یەک بوونیان بێ.
دیاره مەبەستی من ئەوەه نیه که "دەبێ" «هەڵوێست بگرین». بەردەنگی ئەم پۆسته زۆرتر ئەو کەسانەن که دژ به غەززه\فەلەستینیەکان و\یا به پشتیوانی له ئیسراێیل «هەڵوێست دەگرن» چونکه کۆماری ئیسلامی پشتییانی حەماسه.