لوتکەی ڕیاز داوای شکاندنی گەمارۆی سەر غەززەو لێكۆڵینه‌وه‌ له‌تاوانه‌كانی‌ ئیسرائیل دەکات
  2023-11-11       490       

كاره‌كانی‌ کۆبونه‌وه‌ی‌ لوتکەی وڵاتانی‌ عەرەبی‌و ئیسلامی‌ كۆتاییهات‌و له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا داوا ده‌كه‌ن گەمارۆی سەر كه‌رتی‌ غەززە هه‌ڵبگیرێت‌. هه‌روه‌ها داوا ده‌كه‌ن داواكاری‌ گشتی‌ تاوانه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان لێكۆڵینه‌وه‌ له‌تاوانه‌كانی‌ جه‌نگ بكات كه‌ ئیسرائیل له‌غه‌ززه‌ ئه‌نجامیداوه‌.

ئاوێنه‌: ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، کۆبونه‌وه‌ی‌ لوتکەی وڵاتانی‌ عەرەبی‌و ئیسلامی‌ لەشاری ریازی‌ پایته‌ختی‌ سعودیه‌ به‌ڕێوه‌چو كه‌ تایبه‌ت بو به‌شه‌ڕی‌ غه‌ززه‌.
َ
له‌ڕاگه‌یه‌ندراوی‌ كۆتایی كۆبونه‌وه‌كه‌دا وێڕای‌ ئیدانه‌كردنی‌ "تاوان‌و کۆمەڵکوژییەکانی ئیسرائیل" هاوكات داوای شکاندنی گەمارۆی سەر غەززەو ڕێگه‌دان به‌چونی‌ هاوكارییه‌ مرۆییه‌كان ده‌كه‌ن تا بگه‌یه‌نرێته‌ زیانلێكه‌وتووانی‌ غه‌ززه‌.

وڵاتانی‌ عەرەبی‌و ئیسلامی‌ داوا له‌داواكاری‌ گشتی‌ تاوانه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌كه‌ن كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌تاوانه‌كانی‌ جه‌نگ بكات كه‌ ئیسرائیل له‌غه‌ززه‌ ئه‌نجامیداوه‌.


سەرۆکی وڵاتانی عەرەبی‌و ئیسلامی لەبارەی غەززەوە له‌لوتكه‌كه‌دا چیان وت؟


شازادە محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە:
ئەنجامدانی ئەم لوتکەیە لەهەلومەرجێکی ناوازەو ئازاربەخشدا دێت‌و ریاز لەسەرەتای روداوەکانی غەززەوە هەوڵی ماندونەناسانەی داوەو بەردەوام بوە لەڕاوێژکاری و هەماهەنگی بۆ وەستاندنی شەڕەکە، داوای ئازادکردنی بارمتەکانیش دەکات.

ئێمە لەبەردەم کارەساتێکی مرۆییدان کە هۆکارەکەی شکستی ئەنجومەنی ئاسایش و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە لەکۆتاییهێنان بەپێشێلکارییەکانی ئیسرائیل. ئێمە دەسەڵاتداری داگیرکەر -ئیسرائیل- بەرپرسیار دەکەین لەو تاوانانەی کە دژی گەلی فەڵەستین ئەنجامدراون.


ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆکی ئێران: 
ئه‌مڕۆ به‌نوێنه‌رایه‌تی نه‌ته‌وه‌ی ئیسلامی كۆده‌بینه‌وه‌ بۆ یارمه‌تیدانی گه‌لی فه‌ڵه‌ستین، ئه‌مڕۆش ڕۆژێكی مێژوییه‌ بۆ به‌رگریكردن له‌مزگه‌وتی ئه‌قسا، به‌ملیۆنان خۆپیشاندان له‌سه‌رانسه‌ری جیهاندا پشتڕاستی ئه‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ به‌رگریكردن له‌فه‌ڵه‌ستین له‌ویژدانی گه‌لدایه‌.

غه‌ززه‌ بوه‌ته‌ گه‌وره‌ترین زیندان له‌جیهاندا به‌هۆی ئه‌و گه‌مارۆیه‌ی ده‌خرێته‌ سه‌ری.. ئیسرائیل به‌هێرشی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی بۆ سه‌ر غه‌ززه‌ ڕێساو یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان پێشێل ده‌كات.

كوشتنی خه‌ڵكی سڤیل و بۆردومانی نه‌خۆشخانه‌كان ده‌ركه‌وته‌ی تاوانه‌كانی ئیسرائیله‌ له‌غه‌ززه‌، ئێمه‌ به‌رپرسیارێتیمان له‌به‌رده‌م خودادا هه‌یه‌ به‌رامبه‌ر به‌و شتانه‌ی له‌ غه‌ززه‌ ڕوده‌ده‌ن، ئه‌مڕۆ هه‌مو كه‌سێك ده‌بێت دیاری بكات كه‌ له‌كام لایه‌ندا وه‌ستاوه‌.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک تورکیا: 
هیچ وشەیەک نییە بۆ دەربڕینی حاڵی غەززەو بۆردومانکردنی نەخۆشخانەو مزگەوت‌و خوێندنگەکان، بەبەرچاومانەوە دایکان و منداڵان لەباوەشی یەکتردا گیانلەدەستدەدەن و جیادەبنەوە.

ئەوانەی لەبەرامبەر رشتنی خوێنی فەلەستینییەکان بێدەنگن، بەرادەی ستەمکارەکان لەو تاوانانەدا هاوبەشن.

قودس هێڵی سوری ئێمەیە. ئاواتی هەمومان ئەوەیە کە قودس کە وەک شاری ئاشتی بناسرێت و هەموو خاکی فەلەستین بگەڕێتەوە بۆ دۆخی جاران.

بەشار ئەسەد، سەرۆکی سوریا: 
ئەوەی لە غەززە دەگوزەرێت دەمانخاتە بەردەم بەرپرسیاریەتییەکی گەورەی مرۆڤایەتی.

عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسڕ: 
سیاسەتی سزادانی بەکۆمەڵی خەڵکی غەززە پەسەندکراو نییەو پێویستە بەبێ هیچ مەرجێك شەڕەکە بوەستێت و ڕێگری لەڕاگواستنی فەلەستینییەکان بکرێت.

د.لەتیف ڕەشید: سەرۆک کۆماری عێراق: 
عێراق هەڵوێستی نەگۆڕی بۆ دۆزی فەلەستین هەیەو داوادەکات کارنامەیەك دابندرێت بۆ وەستاندنی کوشتار لەکەرتی غەززە.

شا عەبدوڵای دوەم، شای ئوردون: 
ناکرێت ئەوەی بەسەر غەززەدا دێت لێی بێدەنگ بین کە دۆخێکی کارەساتبار لەوێ هەیەو ژیانی تێدا نەماوەو ڕێگری لەچونی چارەسەرو هاوكاری‌ مرۆیی دەکرێت، ئەوە قبوڵکراو نییە کە خۆراک و دەرمان و ئاو و کارەبا دەبڕدرێت لەسەر خەڵکی غەززەو جیهان باجی سەرنەکەوتنی دۆزی فەڵەستین دەدات.

مەحمود عەباس، سەرۆکی فەڵەستین: 
سوپای ئیسرائیل دەستیکردوە بەجەنگی کۆمەڵکوژی و داوا لەئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکەین فەڵەستین بکاتە ئەندامی ئەنجومەکەو سوپای داگیرکار هەزاران خەڵکی سیڤیلی شه‌هید كردوه‌و زیاتر لە 40 هەزار کەسی دیکە برینداربون.

شێخ تەمیم بن حەمد، ئەمیری قەتەڕ: 
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەرکەوتو نەبون لەبەرامبەر بەرپرسیارێتی یاسایی و ئەخلاقی بۆکەرتی غەززەو پێویستە هێرشه‌كانی‌ ئیسرائیل بوەستێندرێت و کێ بیری لەوەکردوەتەوە لەسەدەی 21دا نەخۆشخانەکان بۆردومان بکرێن.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×