ئیبراهیم ڕه‌ئیسی: ئه‌مه‌ریكا هاوبه‌شه‌ له‌تاوانه‌كانی ئیسرائیل له‌غه‌ززه‌
  2023-11-11       329       


سەرۆک کۆماری ئێران جارێکی دیکە لەبارەی شەڕی حەماس و ئیسرائیل پەنجەی تۆمەت ئاراستەی واشنتن دەکات و دەڵێت، "ئەمەریکا بزوێنەری شەڕی غەززەیە". راشیگه‌یاند، "ئه‌مه‌ریكا هاوبه‌شه‌ له‌گه‌ڵ ئیسرائیل له‌ تاوانه‌كانیدا، ئه‌مه‌ریكا ئیسرائیلی له‌ژیانی هه‌زاران كه‌سی سته‌ملێكراو پێ باشتره‌.

ئاوێنه‌: ئیبراهیم ڕه‌ئیسی، سه‌رۆك كۆماری ئێران ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ له‌ كۆبونه‌وه‌ی به‌په‌له‌ی لوتكه‌ی عه‌ره‌بی و ئیسلامی له‌ ڕیاز بۆ تاوتوێكردنی بارودۆخی ناوچه‌كانی فه‌ڵه‌ستین ڕایگه‌یاند، ڕێكخراوی هاوكاری ئیسلامی ڕۆڵێكی دروست ده‌گێڕێت كه‌ ماناكانی یه‌كگرتویی و هاوئاهه‌نگی به‌رجه‌سته‌ ده‌كات.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئه‌مڕۆ به‌ نوێنه‌رایه‌تی نه‌ته‌وه‌ی ئیسلامی كۆده‌بینه‌وه‌ بۆ یارمه‌تیدانی گه‌لی فه‌ڵه‌ستین، ئه‌مڕۆش ڕۆژێكی مێژوییه‌ بۆ به‌رگریكردن له‌ مزگه‌وتی ئه‌قسا، به‌ ملیۆنان خۆپیشاندان له‌ سه‌رانسه‌ری جیهاندا پشتڕاستی ئه‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ به‌رگریكردن له‌ فه‌ڵه‌ستین له‌ ویژدانی گه‌لدایه‌.

سه‌رۆكی ئێران جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی، غه‌ززه‌ بوه‌ته‌ گه‌وره‌ترین زیندان له‌ جیهاندا به‌هۆی ئه‌و گه‌مارۆیه‌ی كه‌ ده‌كرێته‌ سه‌ری، هۆشداریشیدا له‌وه‌ی ئیسرائیل به‌ هێرشی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی بۆ سه‌ر غه‌ززه‌ ڕێساكانی مافه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان پێشێل ده‌كات.

ئیبراهیم ره‌ئیسی دوپاتیشیكرده‌وه‌، ئه‌مه‌ریكا هاوبه‌شه‌ له‌گه‌ڵ ئیسرائیل له‌ تاوانه‌كانیدا، ئه‌مریكا ئیسرائیلی له‌ ژیانی هه‌زاران كه‌سی سته‌ملێكراو پێ باشتره‌ و ڕێگه‌ی بۆ ده‌كاته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی كوشتن و خوێنڕشتنی زیاتر ئه‌نجام بدات، ئیسرائیل له‌ تاوانه‌كانیدا هان ده‌دات و به‌ كرده‌وه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی هاتۆته‌ ناو شه‌ڕه‌كه‌وه‌ و ڕۆژانه‌ باری چه‌كی گه‌وره‌ ده‌نێرێت بۆ ئیسرائیل.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، ئیبراهیم رەئیسی بەمەبەستی بەشداریکردن لە هەشتەمین کۆبوونەوەی نائاسایی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی لەبارەی دۆخی غەززە و شەڕی حەماس و ئیسرائیل، گەیشتە سعوودیە.

سەردانەکەی رەئیسی، یەکەم سەردانی سەرۆک کۆماری ئێرانە بۆ سعوودیە، لە دوای ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی تاران و ریاز لە ناوەڕاستی مانگی ئاداری ئەمساڵ.

سەرۆک کۆماری ئێران پێش ئەوەی بەرەو سعوودیە بەڕێبکەوێت، بە میدیای فەرمی وڵاتەکەی راگەیاند، "ئەمەریکا بزوێنەری شەڕی غەززەیە" و، وەکو خۆی دەڵێت، "واشنتن رێگری لە راگەیاندنی ئاگربەست کرد و دواتر بازنەی شەڕ بەرفراوان بوو".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×