فەرماندەی هێزە سەربازییەكانی ئەمەریكا بڵاوی كردەوە، وڵاتەكەیان كەشتی ئەتۆمی ژێردەریایی ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كردووە، لە ئێستادا ئەو كەشتییە گەیشتووەتە شوێنی مەبەست لە دەریای سپی.
ڕۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل لە زاری فەرماندەی هێزە سەربازییەكانی ئەمریكا هەواڵی گەیشتنی كەشتی ئەتۆمی ژێردەریایی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاو كردووەتەوە.
ڕۆژنامەكە ئاماژەی بەوە كردووە، ئەمریكا كەشتی ئەتۆمی ژێردەریایی ئۆهایۆی ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كردووە، لە ئێستادا ئەو كەشتییە گەیشتووەتە شوێنی مەبەست لە دەریای سپی.
ئەوەش خراوەتە ڕوو، ئەو كەشتییە ژێردەریاییە دەچێتە پاڵ كەشتییە فڕۆكەهەڵگرەكانی ئایزنهاوەر و جیراڵد فۆرد و گرووپی كەشتییە جەنگییەكانیان، كە پێشتر سوپای ئەمەریكا لە ناوچەكەدا جێگیری كردبوو.
سەرەتای ئەم هەفتەیە، لە چوارچێوەی بەهێزكردنی پێگەی خۆی لە ناوچەكەدا، ئەمەریكا گەیشتنی كەشتی فڕۆكە هەڵگرەكانی، USS Dwight Eisenhower بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕاگەیاند.
جێگای ئاماژەیە، ناردنی ئەم هەموو چەك و فڕۆكە و كەرەستە سەربازییە قورسانەی ئەمریكا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە دوای ئەوەوە دێت، كە لە ٧ـی مانگی ڕابردووەوە چەكدارانی حەماس لە ڕێگەی هەزاران مووشكەوە هێرشیان كردە سەر ئیسرائیل تاوەكوو ئێستاش شەڕ و ئاڵۆزییەكان لە غەزە بەردەوامە، دواتر هێرشی گرووپەكانی سەر بە ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ سەر بنكە و بارەگاكانی ئەمریكا دەستی پێ كرد، ئەمریكاش بە هەزاران جۆر چەكی سەربازیی ڕەوانەی ناوچەكە كردووە، بە مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.