ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەمڕۆ دوشەممە لە چوارچێوەی دوەمین گەشتی خۆی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەدوای سەرهەڵدانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس، چاوی بە هاکان فیدان، هاوتا تورکەکەی کەوت و پرسی شهڕی غەززە تهوهری سهرهكی كۆبونهوهیهكهیان بو.
ئەوە یەکەمین سەردانی بلینکنە بۆ تورکیا دوای ئەوەی ئیسرائیل شەڕی دژی حەماس دەستپێکرد، ئەوەش لە وەڵامی هێرشێکدا کە بزوتنەوەکە کە لە لیستی تیرۆریستیدا هاتوە، لە 7ی مانگی رابردودا ئەنجامیدا.
سەردانەکەی بلینکن دوای گەشتە خێراکەی دێت بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە کەناری ڕۆژئاوای لەخۆگرتبو، کە رۆژی یەکشەممە لەگەڵ سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستین، مەحمود عەباس وتوێژی ئەنجامدا.
ئەو سەردانە هاوکاتە لەگەڵ پەرەسەندنی توڕەیی تورکیا و ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە دژی ئیسرائیل و ڕۆژئاوا، سەردانەکەی بلینکن کۆبونەوەی لەگەڵ ئەردۆگان ناگرێتەوە کە گەشتێکی ناوخۆیی بۆ باکوری ڕۆژهەڵاتی تورکیا ئەنجامدەدات.
ئەردۆگان دوێنێ یەکشەممە ئاماژەی بەوەدا، وڵاتەکەی لەگەڵ هاوپەیمانە ناوچەییەکانی "لە پشت پەردەوە کاردەکات" بۆ هەوڵدان بۆ دەستەبەرکردنی رەوتی بەردەوامی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ غەززە، بەڵام هەمو پەیوەندییەکانی لەگەڵ بنیامین نهتهنیاهۆ، سەرۆک وەزیران پچڕاند، هەروەها باڵیۆزی ئەنقەرەی لە ئیسرائیل بانگهێشتکرد وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە شەڕی غەززە.
دوێنێ یەکشەممە پۆلیسی تورکیا گازی فرمێسکڕێژ و تۆپی ئاوی بەکارهێنا بۆ بڵاوەپێکردنی سەدان خۆپیشاندەر کە لە دەرەوەی بنکەیەکی ئاسمانی کە هێزەکانی ئەمریکای تێدایە لە باشوری ڕۆژهەڵاتی وڵات کۆبونەتەوە.
لە 7ی مانگی رابردودا بزوتنەوەی حەماس کە بە بزوتنەوەی تیرۆریستی پۆلێن کراوە، هێرشێکی بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد و هەزاران موشەکیان هەڵدا و دزەیان کردە ناو شار و ناوچەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە و زیاتر لە هەزار و 400 کەسیان کوشت، کە زۆربەیان خەڵکی مەدەنی بون و لە نێویاندا ژن و منداڵ بون.
ئیسرائیل وەڵامی هێرشەکەی دایەوە بە بۆردومانی توندی غەززە و لەشکرکێشییەکی زەمینی کە بوەهۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی نۆ هەزار و 770 فەڵەستینی کە زۆرینەیان خەڵکی مەدەنی بون و لەنێویاندا ژن و منداڵ بون.