سەدر داوایەك ئاڕاستەی وڵاتانی دراوسێی فەلەستین دەكات
  2023-11-03       563       

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر داوا لە وڵاتانی ئوردن، میسر، لوبنان و سوریا دەكات كە دراوسێی فەلەستینن، رێگە بەلایەنگرانی رەوتەكەی بدەن بۆ گەیاندنی هاوكاری بۆ غەززەو ئەنجامدانی مانگرتنێكی ملیۆنی لەسەر سنوری فەلەستین.

ئاوێنە: موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، ئەمڕۆ هەینی، لە پەیامێكدا داوا لە وڵاتانی ئوردن، میسر، لوبنان و سوریا دەكات كە دراوسێی فەلەستینن، رێگە بە لایەنگرانی رەوتی سەدر بدەن بۆ ئەوەی بە ئاشتی بگەنە سەر سنوری فەلەستین بۆ گەیاندنی كۆمەڵێك هاوكاری لەوانە: ئاو، خۆراك، دەرمان و سوتەمەنی تا بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەو وڵاتانە ببرێتە نێو غەززە.

هەروەك داواشی لەو وڵاتانە كردوە كە رێگە بە لایەنگرانی رەوتی سەدر بدەن لە چەند رۆژی داهاتودا مانگرتنێكی ملیۆنی بەشێوەیەكی ئاشتیانە لەسەر سنوری نێوان فەلەستین و ئەو چوار وڵاتە ئەنجام بدەن.

سەدر ئاماژەی بەوەشداوە ئەگەر ئەو وڵاتانە رەزامەندی لەسەر داواكەی دەرببڕن "ئەوە شكۆیەكە كە مێژو و داهاتو بۆیان دەنوسێتەوە."

سەدر بەڵێنیشی داوە كە لەكاتی رەزامەندی ئەو وڵاتانەدا لایەنگرانی پابەندبن بە سیستم و یاساو بەڕێوەچونی مانگرتنەكە بەشێوەیەكی تەواو ئاشتیانە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×