کۆمپانیای تورکیش ئێرلاین رایگەیاند بۆ ماوەی سێ سەعات، سەرجەم گەشتە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانیانیان لە فڕۆکەخانەی ئیستانبوڵ هەڵوەشاندوەتەوە.
ئاوێنە: ئێوارەی ئەمڕۆ (چوارشەممە)، ژێرخانی سیستەمی نێتوۆرکی کۆمپانیای تورکیش ئێرلاین لە فڕۆکەخانەی ئیستانبوڵ لەکارکەوت، ئەمەش بوە هۆی هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی ئەم کۆمپانیایە لە سەعات 7ی ئێوارەوە بۆ 10ی شەو كە رەنگە درێژەش بکێشێت.
یەحیا ئوستون، راوێژکاری راگەیاندنی کۆمپانیای تورکیش ئێرلاین، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند "بەهۆی کێشەی تەکنیکی لە ژێرخانی سیستمی نێتوۆرکی کۆمپانیا، کێشەی حجزکردن و بڕینی بلیت و بابەتە پەیوەندیدارەکان سەریهەڵداوە. تیمەکانمان لە هەوڵی چاککردنەوەی کێشەکاندان. کەمێکی دیکە دوایین زانیاریی بۆ رای گشتیی بڵاودەکەینەوە".
لە پۆستێکی دیکەشیدا، یەحیا ئوستون رایگەیاند، "کۆمپانیای تورکیش ئێرلاین بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ناچاریی سەرجەم گەشتە هاتو و دەرچوەکانی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیی لە سەعات 7 بۆ 10ی شەو دەرکرد."
محەمەد ئاسڵان، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی ئیی پارتی گومان لەوە دەکات سیستەمی کۆمپانیای تورکیش ئێرلاین هاککرابێت، هاوکات رەخنەی لە کۆمپانیاکە گرت و لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس وێنەی بلیتیێکی بڵاوکردوەتەوە، کە بە قەڵەم تێبینی لەسەر دەنوسێت و رایگەیاند "ئەمە چ کارێکە، سیستەمی تورکیش ئێرلاین تێکچوە، بە قەڵەم ناومان تۆمار دەکەین. گومان دەکرێت سیستەمەکە هاککرابێت و هێرشی سایبەری کرابێتە سەر."
بەڵام یەحیا ئوستون، وتویەتی، هێشتا هیچ زانیارییەكمان نییە كە بەهۆی دەستوەردانی دەرەكییەوە سیستمەكە كێشەی بۆ دروست بوبێت.