به‌پێی دەقی بڕیارەكەی ئه‌مڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، بڕی 700 ملیار دینار بەسێ گوژمه ڕه‌وانه‌ی هه‌رێمی هەرێمی كوردستان ده‌كرێت‌و یه‌كه‌م گوژمه‌ی له‌مانگی 9 (ئەیلول)وه دەستپێدەكات.
ئاوێنه: له‌كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا بڕیاردرا بڕی 700 ملیار دینار به‌قه‌رز بۆ هه‌ریه‌ك له‌موچه‌ی مانگه‌كانی (9، 10، 11)ی موچەی موچه‌خۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت.
ئه‌وه‌ش لەكاتێكدایە كه هێشتا فەرمانبەران‌و موچەخۆرانی هەرێم موچەی مانگەكانی 7 و 8ی ئەمساڵیان وەرنەگرتووە‌و تائێستا وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هیچ لێدوان‌و ڕونكردنه‌وه‌یه‌كیان نه‌داوه له‌باره‌ی چاره‌نوسی موچه‌ی مانگه‌كانی 7 و 8 (ته‌مموزو ئاب)ی موچه‌خۆران.
نوسینگه‌ی محه‌ممه‌د شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق راگه‌یه‌ندراوێكی له‌باره‌ی ناوه‌ڕۆكی كۆبونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بڵاوكرده‌وه‌و له‌به‌شێكیدا هاتووه، له‌پێناو ده‌سته‌به‌ركردنی پاره‌ی پێویست بۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و دابینكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران، بڕیاردرا قه‌رزێك به‌بڕی دوو تریلیۆن‌و 100 ملیار دینار بۆ موچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان به‌سێ قۆناغ، هه‌ر قۆناغێك 700 ملیار دینار دابین بكرێت.
ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕو، بڕیاره‌كه له‌سه‌ر بنه‌مای لێكتێگه‌یشتنی ئه‌رێنی نێوان هه‌ولێرو به‌غدا بووه‌و رێككه‌وتن كراوه بۆ جێبه‌جێكردنی پابه‌ندییه ده‌ستورییه‌كان و ناوه‌ڕۆكی یاسای بودجه.
بەپێی بڕیارەكەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران، هەریەك لەبانكەكانی (رەشید‌و رافیدەین‌و TBI) قەرزێك بەبڕی 2 ترلیۆن‌و 100 ملیار دینار بدەنە حكومەتی هەرێمی كوردستان كە بە 700 ملیار دینار بۆ مانگی ئەیلول دەستپێدەكات.
له‌بڕیارەكەی ئەنجومەنی وەزیراندا ئه‌وه‌ش هاتووه، لەرۆژی دەرچوونی بڕیارەكەوە تا ماوەیەك كە لە 30 رۆژ زیاتر نەبێت، دیوانی چاودێری دارایی عێراق بەهەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری درایایی هەرێم وردبینی دەكات لەژمارەی فەرمانبەران‌و ئەوانەی لەهەرێمی كوردستان موچەی چاودێری كۆمەڵایەتی دەیان گرێتەوە بەگوێرەی لیستی رادەستكراو بەوەزارەتی دارایی عێراق لەگەڵ بڕی موچەكانیان.
ده‌قی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق:
لەپێناو پێدانی موچەی فەرمانبەران‌و ئەوانەی چاودێری كۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە لەگەڵ خانەنشینان، تا ئەوكاتەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ پاكتاوی ئەوانە دەكات كە لەئەستۆی حكومەتی هەرێمدایە، وەكو جێبەجێكردنی یاسای گشتی بودجەی فیدراڵ بۆ ساڵانی (2023، 2024، 2025)، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە هەمواركردنی بڕیاری ژمارە (23500)ی ساڵی 2023، بەمشێوەیە:
1- بانكەكانی رافیدەین‌و رەشید‌و (TBI) بڕی (2 ترلیۆن‌و 100 ملیار) دینار بۆ ئەمساڵی دارایی وەكو قەرز بە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەدەن‌و بە سێ جاری هاوتا بە (700 ملیار) دینار بۆ هەرجارێك، لە مانگی ئەیلولەوە ئەم پارە دەدرێت.
2- وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی قەرزی ناوبراو لە بڕگەی (1)ی سەرەوە، لە تەرخانكراوەكانی هەرێم لە بودجەی گشتی فیدراڵ بۆ ساڵی 2023 دەدات، ئەمەش دوای پاكتاوكردنی ئەوەی لە ئەستۆیدایە (مەبەستی پابەندییە داراییەكانی سەر شانی هەرێمە).
3- ئەگەر ئەوەی لەپشكی هەرێم دەمێنێتەوە بەشی پێدانەوەی قەرزەكانی نەكرد بۆ جێبەجێكردنی بڕگەی (2) لەسەرەوە، ئەوا وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی قەرزی ناوبراو لەتەرخانكراوی هەرێم لەبودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی (2024) بەو بانكانە دەداتەوە كە ناویان هاتووە یان لەهەر شایستەیەكی دارایی تری تر دەیداتەوە، بەر لەپێدانی هەر شایستەیەك بەهەرێم.
4- وەزارەتی دارایی دانراوێكی بانكیی لای ئەو بانكانە دادەنێت كە ناویان هێنراوە، دانراوەكە هاوتایە لەگەڵ بڕی قەرزی هەریەكەیان‌و دوای جێبەجێكردنی هەردوو بڕگەی (2،3)ی سەرەوە دەكشێندرێتەوە.
5- دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ بە هەماهەنگیی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێم، وردبینی دەكات لە ژمارەی فەرمانبەران‌و ئەوانەی موچەی چاودێری كۆمەڵایەتی‌و خانەنشین دەیانگرێتەوە لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ بڕی موچەكانیان، بەگوێرەی لیستی رادەستكراو بە وەزارەتی دارایی فیدراڵ، ئەمەش لەماوەیەكدا كە لە (30) رۆژ زیاتر نەبێت لە رێكەوتی دەرچوونی ئەم بڕیارەوە، بەگوێرەی ئەو مەرجانەی لەلایەن هەردوو دیوانەكەوە دانراوە.