نرخی بیتکۆین بەردەوامە لە بەرزبوونەوە و گەیشتە بەرزترین ئاستی مێژوویی خۆی، یەک بیتکۆین 97 هەزار دۆلاری تێپەڕاند و لە 24 کاتژمێردا بە رێژەی 5.22٪ بەرزبووەوە.
بەرزبوونەوەی نرخی بیتکۆین و سەرجەم دراوەکانی دیکەی ناو بازاڕی کریپتۆ پاش ئەوە هات، رۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز بڵاویکردەوە، گرووپی میدیا و تەکنەلۆجیای نوێی ترەمپ لە هەوڵدایە بۆ کڕینەوەی کۆمپانیایەکی بازرگانیی کریپتۆ و نزیکە لە کڕینەوەی سەرجەم پشکەکانی "باکت" کە تایبەتە بە بازرگانیی دراوە ئەلکترۆنییەکان و بازاڕی ئاڵوگۆڕی دارایی نیویۆرک NYSE خاوەندارێتی دەکات.
ئەم هەوڵانەی ئیدارەکەی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لەکاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ 20ـى کانوونی دووەم دەچێتە کۆشکی سپی و لەماوەی بانگەشەشدا بەڵێنی دابوو ئەمریکا بکاتە پایتەختی کریپتۆی هەسارەکە.
هەریەک لە پێگەی ستاندارد چارتەر و گرووپی بلاک رۆک، کە لە مانگی ئازاری ئەمساڵەوە رێگەیان پێدرابوو بەشێوەی سنووردار مامەڵەی بازرگانی بە بیتکۆین بکەن، پێشبینیدەکەن نرخی یەک بیتکۆین لە ساڵی نوێدا بگاتە 200 هەزار دۆلار.
بەهای بازاڕی بیتکۆین لەجیهاندا یەک ترلیۆن و 700 ملیار دۆلارە و پاش بەهێزبوونیشی بەهاکەى زیاتر دەبێت.