زانیار محه‌مه‌د
گه‌ر هێنده گه‌وج بوویت ڕۆمانت نووسی، هێنده گه‌وج مه‌به وای بنووسیت، بگێڕرێته‌وه.
میلان كۆندێرا
١
ڕه‌فه‌ی كتێبخانه به به‌رگی دره‌وشاوه و ڕه‌نگینی ڕۆمان ده‌ڕازێنرێنه‌وه. نیگه‌رانی و گومان و شه‌كه‌تی دروست ناكه‌ن، به‌ڵكو چێژ و خۆشی و ته‌زوو به خوێنه‌ر ده‌ده‌ن. خواستیان له‌سه‌ره و سه‌رگه‌رمی بۆ هه‌مووان ده‌هێنن. یهكشێوهیی و هاوكڵێشهیی، به‌سه‌ر زمان و ناونیشان و ناوهڕۆك، بگره به‌رگیشیاندا زاڵ ده‌بێت. لەبه‌ر ڕوونی و ڕووكهشییان، له لایه‌ن جه‌ماوه‌ره‌وه پێشوازییان لێ ده‌كرێت.
كاتێك «عه‌وام-په‌سه‌ندی» كایه‌كان ده‌گرێته‌وه، قووڵایی دەکشێتەوە و گۆڕه‌پان به ده‌سته‌وه ده‌دات. هاوشێوه‌یی و ڕاسته‌وخۆیی به‌سه‌ر ڕۆماندا زاڵ ده‌بن. (هه‌ڵبه‌ت عه‌وام-په‌سه‌ندی لای ئێمه، جیاوازه له‌وه‌ی خۆرئاوا، کە ژیژه‌ك نمونه‌ی له چه‌شنی فیلمی هیچكۆكی پێ ده‌هێنێته‌وه). هه‌رچه‌ندە له دنیای نووسین و ڕۆشنبیریی كوردی، ژماره‌ی ڕۆمان ڕوو له هه‌ڵكشان بێت، مایه‌ی نیگەرانی و دڵه‌ڕاوكێ نییه، ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر بنه‌مای ڕاستەوخۆیی و ساده‌گۆیی نه‌نووسرێن.
ئه‌و كاته‌ی بۆ ڕازی جه‌ماوه‌ر سازش له قووڵایی ده‌كرێت، كاتێك له‌سه‌ر حیسابی داهێنان و جدییه‌ت، زمانی لاواز و ساده، هەروەها گێڕانه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆ بره‌و پەیدا دەکەن، سه‌رسام نابین به ته‌شه‌نه‌ی پێداهه‌ڵگوتن و ڕووپامایی و زیادبوونی ڕۆمان و بنووسانیان.
٢
«ته‌رمه‌وان» نوێترین ڕۆمانی كاروان عومه‌ر كاكهسووره. سه‌ره‌كیترین و گرنگترین خه‌سڵه‌ت، فرهدهنگییهتی. له نێو ئه‌م ڕۆمانەدا فره‌ده‌نگی دروستكه‌ری ئاڵۆزی و فره‌ڕه‌هه‌ندییه. كردنه‌وه‌ی ئاسۆ و ئاڕاسته‌ی نوێ و به‌رده‌وامی به‌رده‌م گێڕانه‌وه‌یه. پتر له ئاستێكی چیرۆك، زیاد له كه‌سایه‌تی و ڕوانینی كاره‌كته‌ر، لە زیاد له ئاستێكی زماندا مانیفێست ده‌بێت. واقیع له به‌رده‌م گومان و ناڕه‌زایی و پێداچوونه‌وه‌ی به‌رده‌وام ده‌مێنێته‌وه.
ئه‌گه‌ر پێكهێنه‌ر (یان به زمانی ئه‌كادیمی) ڕه‌گه‌زی ڕۆمان بریتی بن له (چیرۆك و زمان و كات و شوێن و كاره‌كته‌ر و حیكایه‌تخوان و ته‌كنیكی گێڕانه‌وه)، ئه‌وا ڕۆمانی «ته‌رمه‌وان» له هه‌موو ئه‌م بوارانه و له زیاد له ئاستێك داهێنه‌رانه‌یه.
«ته‌رمه‌وان» له پێنج به‌شى جياواز و پاشكۆیه‌ك به ناوی «هاوتهختهكان، هاوكهلاوهكان، هاوگڕهكان، هاوشۆڕشهكان، هاوتهرمهكان، هاوقاوغهكان» پێك دێت. تێیدا زیندان و حیزب، شۆڕش و شار، جه‌سته و ماڵ، ئیسلامی سیاسی و مه‌رگ، شیعر و هونه‌ر و مۆسیقا، خۆكوشتن و كه‌رنه‌ڤاڵی جه‌ماوه‌ری، ته‌وه‌ری كراوه پێك ده‌هێنن.
له‌م ڕۆمانه‌دا بیركردنه‌وه هاوشانی یاده‌وه‌ری، به ناخی كاره‌كته‌ردا ڕۆ ده‌چن. جوڵه و چالاكی به‌رهه‌م ده‌هێنن. ترازان ڕوو ده‌دات. نوێبوونه‌وه به زمان و چیرۆك و خودی كاره‌كته‌ر ده‌دات. كاره‌كته‌ر لە شکستدا دەژی. حه‌قیقه‌تی مانه‌وه‌ی، پەیوەندیی بە بەردەوامیی شکستەوەیە.
زه‌مه‌نی جیاواز، هه‌ڵسوكه‌وتی كتوپڕ، یاده‌وه‌ریی شێواو، خه‌یاڵی فراوان، ترس و دوودڵی، زمانی چڕ و تۆكمه، هه‌ندێكجاریش ته‌ته‌ڵه و وڕێنه خه‌سڵه‌تی كاره‌كته‌رن. ئاماده‌گیی مێژوو سه‌رتاپاگیر نییه، گێڕانه‌وه سنووردار بكات، به‌ڵكو مێژوو ده‌بێته ژیاننامه‌ی گریمانه‌یی و خه‌یاڵیی كاره‌كته‌ر، كه به كێشه‌ی گه‌وره‌وه ڕوو له دنیا ده‌كات.
مه‌نه‌لۆگ و ده‌نگی جیاواز، ناڕێكی و نالۆژیكی، گفتوگۆ ناوه‌كی ده‌كه‌نه‌وه. خه‌یاڵ ده‌یانخاته سه‌ر ڕیتمی گێڕانه‌وه. ده‌نگی چه‌پێنراو و فه‌رامۆشكراو له خۆ ده‌گرن.
زمانی ڕۆمان به ڕووی گوزارشت و گێڕانه‌وه و قووڵاییدا كراوه‌یه. ته‌نگژه‌ی ده‌روونی و نهێنیی نه‌ستی كاره‌كته‌ر پیشان ده‌دات. كاره‌كته‌ر کۆنکرێتی و ڕۆبۆت نییه، تا به یه‌ك شێوه و ڕیتم و زمان و چالاكی ده‌ربكه‌وێت و بێكێشه بنوێنێت. بگره دەکەوێتە دۆخێکەوە، ناتوانێت هیچ بڵێت. هه‌ندێكجار هیچیشی به بیر نایه‌ته‌وه.
ته‌رم و شار، ترس لە ئازادی، مه‌ل و فڕین، چاودێریی ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ر ژیانی كه‌سی، ڕه‌وتی ڕووداو ئاڕاسته ده‌كه‌ن. دیمه‌نی خه‌مناك و گفتوگۆی قووڵی نێوان كاره‌كته‌ر ده‌سازێنن. ڕۆمانه‌كه پرسیار له‌باره‌ی مه‌رگ و خوێن، گۆرانی و مێژووی شار، دروشمی شۆڕش و لایه‌نگرانی، بێده‌نگی و گۆڕستان ده‌كات.
له كۆتایی ڕۆمانه‌كه‌دا هاتووه «من ده‌ڵێم كاتێ خۆت ده‌كوژیت، كه به‌شێكی ئه‌وانی دیكه‌ت له لایه. به نه‌مانی تۆ، ئه‌و به‌شه‌ی ئه‌وانیش ده‌سڕێته‌وه. به مانایه‌كی دی، كه‌سانی دابڕاو له خه‌ڵك په‌نا بۆ خۆكوشتن نابه‌ن، مادام هیچ به‌شێكی ئه‌وانه‌ی تریان له لا نییه».
٣
لە خوارەوە هەندێک خەسڵەتی پێکهێنەری ڕۆمانی «ته‌رمه‌وان» دەخەمە ڕوو:
یه‌كه‌م: جیاوازیی سه‌ره‌كیی ئەم ڕۆمانە له زمانیدایه. كه نوێ و قووڵ و ناته‌قلیدییه. دابڕان له‌گه‌ڵ زمانی ڕۆژانه و باو دروست ده‌كات و ڕووبه‌ری ده‌پارێزێت.
دووه‌م: چه‌ندان فۆرم و ته‌كنیكی نوێ و ئاڵۆز و جیاواز بۆ گێڕانه‌وه به گه‌ڕ ده‌خات.
سێیه‌م: كڵێشه‌ی باوی «سه‌ره‌تا و ناوه‌ڕاست و كۆتایی» تێده‌په‌ڕێنێت. كاره‌كته‌ر یان چیرۆك، ده‌شێت له ناوه‌ڕاست ده‌ست پێ بكات. بۆ كۆتایی بگه‌ڕێته‌وه و سه‌ره‌تایشی نه‌بێت. ڕه‌نگیشه له كۆتایی بۆ سه‌ره‌تا بگه‌ڕێته‌وه، ناوه‌ڕاست و كۆتایی ون و نادیار بن.
چواره‌م: لە گێڕانەوەی ئه‌ده‌یبی باو «حیكایه‌تخوانی تاكده‌نگی هه‌مووشتزان» چیرۆك ده‌گێڕێته‌وه. لای كاروان گێڕانه‌وه بۆ چه‌ندان ئاستی جیاواز و ده‌نگی په‌راوێزی دابه‌ش ده‌بن و فره‌ده‌نگی ساز ده‌كه‌ن. هەندێکجار گێڕەرەوە دەسەڵات لە دەست دەدات و لەگەڵ خوێنەر بە دوای ڕووداودا دەچێت.
پێنجه‌م: ئه‌و كاته‌ی گرافۆمانیا (حه‌زی نووسینی ڕووكه‌ش و ساده) دنیای نووسین و ڕۆشنبیریی كوردی ده‌گرێته‌وه، كاروان به شێوازی داهێنه‌رانه، داكۆكی له قووڵایی و ساده نه-نووسین ده‌كات. ڕاده‌ستی خواستی میدیا و سۆشیال میدیا بۆ ئاسانی و ڕوونی نابێت. سازش له‌سه‌ر ئاڵۆزی و نائاساییبوون ناكات. بگره به كاركردن و هه‌ڵكۆڵین و مانه‌وه له قووڵایی، ڕووبه‌ڕووی ته‌وژمی «به‌ناووده‌نگی» و پڕفرۆشیی بازاڕ ده‌بێته‌وه.
شه‌شه‌م: كات و شوێن لە ڕۆمانی «ته‌رمه‌وان»دا ناتهقلیدین. تێك‌شكاون و له گۆڕاندان. لۆژیكی باو له ده‌ست ده‌ده‌ن و له جوڵه و بزوات و ترازانی به‌رده‌وامدان.
حه‌وته‌م: كاره‌كته‌ر پۆزه‌تیڤ و یه‌كانگیر نییه. دوودڵه و شتی له یاد ده‌چێته‌وه. زمانی ته‌ته‌ڵه ده‌كات، ناخی پڕ له ناكۆكی و شه‌ڕی گه‌وره‌یه له‌گه‌ڵ دنیای ده‌ره‌وه. ناوه‌وه‌ی پڕ له دژیهكییە له‌گه‌ڵ خۆی.
هه‌شته‌م: ناونیشان و ناوی كاره‌كته‌ر، نوێ و نائاسایین. بگره هه‌ندێكجار بێواتایشن. جاری وا هه‌یه ناو له ته‌نیا یه‌ك پیت پێك دێن.
نۆیه‌م: گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ مێژوو، زنجیره‌یی و بازنه‌یی نییه. نایهكانگیر و پچڕپچڕه. ئه‌و توێژه‌ی مێژوو هه‌ڵده‌داته‌وه، كه مێژووی زاڵ و باو به فه‌رامۆشیی سپاردووه.
ده‌یه‌م: ڕۆمانی «ته‌رمه‌وان» به‌رانبه‌ر به سیاسه‌ت بێلایه‌ن و پاكیزه نییە. سیاسه‌ت و هه‌ره‌سی سیاسی، كێشه‌ی بهردهوامییەتی. به زمانی ڕاسته‌وخۆ كاری تێدا ناكات، بگره سیاسه‌ت وه‌ك بواری دیكه ده‌بێته‌وه به به‌شى نالۆژیكی و نائاسایی له فه‌زای ڕۆماندا. ده‌توانین بڵێین هه‌ر ئه‌وه‌ی به زمانی ناڕاسته‌وخۆ كار له‌سه‌ر سیاسه‌ت ده‌كات، ده‌یكاته سیاسیترین تێکست. هه‌ڵبه‌ت مه‌به‌ست له گێڕانه‌وه و ڕوانینی ته‌قلیدی و مێژوویی بۆ سیاسه‌ت نییه.
یازده: به نزیكه‌یی زۆرێك له ڕۆمانه‌كانی دیکەیشی، ئاماژه به مەترسیی ئاماده‌یی ئایین و ئیسلامی سیاسی و گه‌ڕانه‌وه‌ی ته‌وژمی سهلهفیيهت ده‌دات. هه‌روه‌ك «یاده‌وه‌ریی بوكه‌ڵه‌كان» و «ئه‌و هاوڕێیه‌ی منداڵیم ببینمه‌وه؟» و «كه‌ناڵی مه‌یمونه چه‌كداره‌كان» و «كازینۆی منداڵان» و «ماڵی نانی» و «ته‌رمه‌وان»یش. له هه‌ر یه‌كێكیان هێما و ئاماژه و چیرۆكی ده‌ركه‌وتنی سه‌له‌فییه‌ت و ئیسلامی سیاسی، به فۆرمی جیاواز كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ڕه‌وتی ڕووداو پیشان ده‌درێن.
دوازده: چیدی پێوه‌ری «هۆ و ئه‌نجام» كار ناكه‌ن. ئه‌و هاوكێشه‌یه هەڵدەوەشێتەوە. ده‌شێت ئه‌نجام، به بێ ئاماده‌یی ناوەندیی هۆكار، بوونی هه‌بێت. ڕه‌نگیشه كاره‌كته‌ر، به چه‌ندان ئه‌نجامی دوور و جیاواز له یه‌كدی بگات.
سیازده: ناوه‌ڕۆكی ڕۆمان بریتییە له كێشه‌ی ناوه‌كیی كاره‌كته‌ر له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه. هه‌روه‌ها نیگەرانی و ترسی به‌رانبه‌ر به جەماوەر. ئه‌و كاته‌ی خرۆشانی گه‌وره و جەماوەری له شه‌قام ڕوو ده‌دات، كاره‌كته‌ر ناخرۆشێت. ئەو کاتەیشی دوودڵی لە ناخیدا قوڵپ دەدات و دەهەژێت، جەماوەر و شار هێمن و هێورن. هەروەها خوێن و كوشتن چارەنووسی خەمناکی ئەون.
كاره‌كته‌ر له نێوان ئێستا و ڕابوردوو دێته‌وه و بزر ده‌بێت. چیدی ڕابوردوو ئەوە نییە کە تێ دەپەڕێت. داهاتووش ئەوە نییە کە بەڕێوەیە. ڕابوردوو و داهاتوو لە هەنووکەی ئەودان. بۆیە شه‌كه‌تی ناخی خۆیەتی.
چواردە: لە ڕۆمانی «ته‌رمه‌وان»دا کارەکتەر لە بەردەم یاخیبوونی هەمیشەییدایە. ئەوەیش کردەیەکی دەرەکی نییە، بگرە درک و ڕووداوی ناوەکییەتی. ئەگەر لەسەر شەقام بەرپابوونی شۆڕش دەبینرێت، لە ناخی ئەودا یاخیبوون ڕوو دەدات. لێرەوە جیاوازیی شۆڕش و یاخیبوون دەر دەکەوێت. شۆڕش جەماوەری و ڕواڵەتییە، یاخیبوون تاکێتی و قووڵاییە. یاخیبوون ویستی ژیاندۆستیی ناوەوەی کارەکتەرە، دژی بێهودەیی دەرەوە.