حکومەتی عێراق 400 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت
  2023-06-11       1256       

حکومەتی عێراق بڕیاری رەوانەکردنی 400 ملیار دینار بۆ موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەدات‌و دوای‌ گه‌یشتنی‌ پاره‌كه‌ش خشته‌ی‌ موچه‌ی‌ مانگی‌ ئایار (5)ی‌ فه‌رمانبه‌ران ده‌ستپێده‌كات.

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ یەکشەممە، فارس عیسا سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبەغدا رایگەیاند، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری رەوانەکردنی 400 ملیار دیناری بۆ موچەخۆرانی هەرێمی کوردستاندا.

وتیشی‌، ئەو بڕە پارەیە بەشێوەی قەرز بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت‌و دوای پەسەنکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق مانگانە لەپشکی هەرێمی کوردستان دەبڕدرێت. 

ئەو بڕه‌ پارەیەی‌ به‌غدا بڕیاری‌ ناردنی‌ داوه‌، بۆ دابەشکردنی موچەی مانگی‌ 5ی‌ فەرمانبەرانی هەرێمە، بەڵام تائێستا وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم لیستی موچەی مانگی ئایاری بەفەرمی بڵاونەکردووەتەوە، لەکاتێکدا نزیك ده‌بینه‌وه‌ له‌ناوه‌ڕاستی‌ مانگی‌ حوزه‌یران (6)و جه‌ژنی‌ قوربان.

لەپڕۆژە یاسای بودجەی عێراقدا کە ئێستا لەپەرلەمانی عێراق بۆ ساڵەکانی 2023، 2024 و 2025 پەسەنددەکرێت، پشکی کورد بەڕێژەی 12.67% دیاریکراوە کە بۆ تەواوی ساڵی 2023 دەکاتە 10 ترلیۆن‌و 867 ملیار دینار، مانگانە دەکاتە بڕی 906 ملیار دینار.
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×